وەزیری هێزی دەریایی و چەند فەرماندەیەکی دیکەی باڵای ئەمریکا دەستیان لەکارکێشایەوە

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، جۆن فیڵن، وەزیری هێزی دەریایی، بە شێوەیەکی کتوپڕ و دەستبەجێ پۆستەکەی جێدەهێڵێت. پێنتاگۆن هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە هۆکاری ئەم رۆشتنە کتوپڕە نەخستووەتەروو.

هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، زنجیرەیەک دەستلەکارکێشانەوەی دیکە لە ناوەندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا رایانگەیاندووە؛ سەرۆک ئەرکانی هێزی ئاسمانی دوای تەنیا دوو ساڵ لە وەرگرتنی پۆستەکەی (کە دەبوو بۆ چوار ساڵ بەردەوام بێت) دەستی لەکارکێشایەوە. هەروەها فەرماندەی فەرماندەیی باشووری ئەمریکاش تەنیا دوای ساڵێک لە دەستبەکاربوونی، وازهێنانی خۆی راگەیاند، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی ئاشکرا بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، پێت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، بەرگریی لەم گۆڕانکارییانە دەکات و جەخت دەکاتەوە، سەرۆک مافی خۆیەتی کێ بە گونجاو دەزانێت بۆ ئەو پۆستانە هەڵیبژێرێت.

ئەم گۆڕانکارییە کتوپڕانە نیگەرانی لای دیموکراتەکان دروستکردووە. دیموکراتەکان مەترسی خۆیان ناشارنەوە لەوەی دامەزراوەی سەربازی ئەمریکا بەسیاسی بکرێت، لە کاتێکدا ئەو دامەزراوەیە بە درێژایی مێژوو بە بێلایەنیی خۆی لە ململانێ سیاسییەکانی وڵاتدا ناسراوە.