ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی دیکەی ئێراندا گرت
وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا راگەیاند، بەهۆی بەقاچاخبرنی نەوت لە دەریای هیندی، دەستیان بەسەر کەشتییەکی دیکەی ئێرانیدا گرتووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی نیسانی 2026، تیمێکی هێزی دەریایی دەستیان بەسەر کەشتی ماجستیک ئێکس داگرتووە، کە بە نایاسایی و قاچاخ نەوتی گواستووەتەوە.
وەزارەتەکە جەختی کردووەتەوە، لە جێبەجێکردن و چەسپاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە دەریایی بەردەوام دەبن، لە هەموو شوێنێک رێگری لە هەموو ئەو کەشتیانە دەکەن، کە سەرچاوە پشتیوانی دارایین بۆ ئێران.
وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا، وەک بەڵگەیەک دیمەنی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی ئێرانیشی بڵاو کردووەتەوە.
ئەمە سێیەم کەشتیی ئێرانە کە لە لایەن ئەمریکاوە دەستی بەسەردا بگیرێت. لە کاتێکدا، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر گەرووی هورمز و بەندەرە بازرگانییەکانی ئێران دەستی پێکردووە. هێزی دەریایی ئەمریکا رێگە بە هیچ کەشتییەکی بازرگانیی ئێران نادات بە دەریای عەرەبی و دەریای عوماندا تێپەڕێت.