ئەمریکا.. فیلمێکی کوردی خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی لە فێستیڤاڵی میدیایی جەنگاوەرانی پێشووتر بەدەست هێنا

فیلمی "دەریای هیوا"، کە لە دەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەکرە، لە فێستیڤاڵی میدیایی جەنگاوەرانی پێشووتر لە ئەمریکا، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی بەدەست هێنا.

شەممە، 25ی نیسانی 2026، جوبرائیل ئەبوبەکر، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی گوت، "لەم فێستیڤاڵەدا لە کۆی 1600 فیلم لە 100 وڵاتی دونیا، تەنیا 80 فیلم وەرگیرا، فیلمی ئێمە تاکە نوێنەری کوردستان و عێراق بوو کە بەشدار بوو لەم فێستیڤاڵە، خۆشبەتانە فیلمەکان توانی خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران بەدەست بهێنێت.

جوبرائیل ئەبوبەکر گوتیشی، " فیلمی "دەریای هیوا" کورتە فیلمێکە کە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی مرۆیی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات، فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، شوێنپێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە رێگاکانی مەترسیدار دا دەڕۆن کە مردن و خنکان لە هەموو وەرچەرخانێکدا دەڕوانن، لە گەڕانێکی بێهیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت."

فیلمی "دەریای هیوا" کە لە دەرهێنانی جوبرائیل ئەبوبەکرە، لە ماوەی پێنج مانگدا بەشداری لە 24 فێستیڤاڵی سینەمایی کردووە و تا ئێستا 7 خەڵاتی جیهانی بەدەست هێناوە.