سەرۆکی سووریا: بێئاگابووم لە سەماکردنەکەی هۆڵی حەیفا

دیمەنێکی سەماکە
دیمەنێکی سەماکە

سەرۆکی سووریا روونکردنەوە لەبارەی ئەو کاردانەوە و رەخنە فراوانانە دەدات کە لەسەر نمایشێکی سەماکردن لە کاتی کردنەوەی هۆڵێکی وەرزشی لە پایتەختی وڵاتەکەی دروست بوون.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا لە وەڵامی رەخنەی چەند مامۆستایەکی ئایینی سەبارەت بە بەشداریکردنی لە ئاهەنگێکی گۆرانی و سەماکردن لە هۆڵی "فەیحا" پێش یارییەکی دۆستانەی نێوان سووریا و لوبنان؛ رایگەیاند، ئامادەبوون لەو ئاهەنگەدا لە خشتەی کارەکانیدا نەبووە بەهۆی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکانی ئەم دواییەی بۆ وڵاتانی کەنداو.

شەرع ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە دۆستەکانی پێشنیازی کردووە نیو کاتژمێر پێش دەستپێکردنی یارییەکە ئامادە بێت و هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەسەر بڕگەکانی ئاهەنگەکە نەبووە. سەرۆککۆمار روونیشی کردەوە، سەری سوڕماوە لەو جۆرە نمایشە، چونکە پێویستە ئاهەنگەکانی لەم شێوەیە شتێکی ئامانجدار بن و پەیوەست بن بە دابونەریتەکانی ناوچەکەوە بۆ ئەوەی پەیامێکی گونجاو بگەیەنن.

سەرۆکی سووریا ئەوەشی خستە روو، کاتێک بینیویەتی ئەو چالاکییە هیچ شتێکی دیاریکراوی تێدا نییە، بڕیاری داوە بچێتە ناو یاریگاکە بۆ ناو خەڵکەکە بۆ ئەوەی تا رادەیەک ئەو تێبینییانە قەرەبوو بکاتەوە لای خەڵک دروست بوون. هەروەها دووپاتی کردەوە، رێزێکی زۆر لەو تێبینییانە دەگرێت و رێنمایی داوە بە رێکخەران بۆ ئەوەی چالاکییە نیشتمانییەکان بەها و کولتووری سووریا لەبەرچاو بگرن.

رۆژی دووشەممەی رابردوو (20ـی نیسانی 2026)، هۆڵی فەیحای وەرزشی بۆ تۆپی سەبەتە لە دیمەشق دوای نۆژەنکردنەوەی کرایەوە و پێشوازی لە یارییەکی دۆستانە کرد. لە بەرانبەر ئەو رووداوانەشدا، ژمارەیەک لە پێشنوێژ و گوتاربێژانی مزگەوتەکانی شاری حەما راگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا رەخنەیان لە چالاکییەکە گرت و بە سووکایەتیکردن بە بەها کۆمەڵایەتییەکانی سووریایان وەسف کرد.

ئەو مامۆستا ئایینییانە نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر بەو پێشێلکارییانە دەربڕی و بە هۆکاری تێکدانی شوناس و نەریتەکانی کۆمەڵگەیان زانی بۆ دروستکردنی تووڕەیی جەماوەری. داواشیان لە حکوومەتی سووریا و سەرۆککۆمار کرد بە پەلە دەستوەردان بکەن و لێکۆڵینەوە لەگەڵ رێکخەرانی ئاهەنگەکە بکەن بۆ ئەوەی رووداوی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندییە ئایینی و کولتوورییەکان.