سێنتکۆم: کەشتییەکی ئێران لە دەریای عەرەب ناچار بە گەڕانەوە کرا

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان رێگرییان لە کەشتییەکی بازرگانی کردووە کە بە نایاسایی وزەی ئێرانی گواستووەتەوە و ناچاریان کردووە بەرەو ئێران بگەڕێتەوە.

شەممە 25ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کەشتیی M/V Sevan یەکێک بووە لەو 19 کەشتییەی (کەشتیگەلی سێبەر)ـی ئێرانی کە دوێنێ لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنرا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کەشتیانە دەستیان هەبووە لە گواستنەوەی بڕی ملیاران دۆلار لە نەوت، گازی ئێران بۆ بازاڕەکانی دەرەوە".

سەبارەت بە وردەکاری پرۆسەکە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی لەسەر کەشتی جەنگی "USS Pinckney (DDG 91)" لە ناو ئاوەکانی دەریای عەرەبدا رێگریی لە کەشتیی "Sevan" کردووە، لە ئێستادا کەشتییەکە پابەندی فەرمانە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە و لە ژێر چاودێریی (ئیسکۆرت)ی هێزەکانی ئەمریکادا بەرەو ئێران دەگەڕێندرێتەوە.

سێنتکۆم جەختی کردەوە، هێزەکانیان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی سزاکان و سەپاندنی گەمارۆی توند بەسەر ئەو کەشتیانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دێنە دەرەوە،  هەروەها ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم گەمارۆیە دەریاییەوە، تاوەکوو  ئێستا 37  کەشتی ناچار کراون رێڕەوی خۆیان بگۆڕن و بگەڕێنەوە.