میدیای ئێران: عێراقچی پێش سەردانەکەی بۆ رووسیا دەچێتەوە پاكستان

دوێنی شاندێكی باڵای ئێران بەسەرۆكایەتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ئیسلام ئاباد بوو، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سوپاسالاری پاكستان و سەرۆكوەزیرانی پاكستان چوونە عومان، بەڵام وا بڕیارە جارێكی دیكە ئەو شاندە بگەڕێتەوە بۆ ئیسلام ئاباد.

میدیای ئێران ئاشكرای كردووە، بڕیار بوو عەباس عێراقچی دوای سەردانەكەی بۆ عومان بەرەو رووسیا بەرێكەوێت، بەڵام ئەمرۆ جارێكی دیكە دەچێتەوە پاكستان، پێش ئەوەی بەرەو رووسیا بەرێبكەوێت.

بەگوێرەی میدیای ئێران، ئامانجی سەردانەكە ئەوەیە كە بۆچوونی ئێران لەبارەی هەرجۆرە لێكگەیشتنێك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی بە بەرپرسانی پاكستان بگەیەنێت.

هەروەها میدیای ئێران ئاشكرای كردووە، هەر دوێنی شاندێكی ئێران كە لەگەڵ عێراقچی بوون، چونەتەوە بۆ تاران بۆ ئەوەی راوێژ لەگەڵ بكەن بۆ كۆتاییهاتن بە جەنگ، رەنگە ئەمڕۆ شاندەكە جارێكی دیكە لە تارانەوە بگەرێتەوە بۆ ئیسلام ئاباد.

تڕەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" گوتی: "جێگەی سەرنجە هەر کە سەردانەکەی نوێنەرانی خۆمم هەڵوەشاندەوە، لە ماوەی 10 خولەکدا پێشنیازێکی نوێمان پێگەیشت کە زۆر باشتر بوو."

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی کۆماری ئێران رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئەنجامداوە، پزیشکیان جەختی لە پێویستی گەیشتن بە دیدگایەکی هاوبەش و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ دیالۆگی کاریگەر کردووەتەوە وەک مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر پێشکەوتنێک.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کردووە، رێکارەکانی ئەمریکا، لەوانەش گەمارۆکان، دەبنە رێگر لەبەردەم دروستکردنی متمانە، رایگەیاندووە، ناکرێت باس لە دیالۆگ بکرێت لەکاتێکدا فشار و گەمارۆکان لە هەڵکشاندان.

میدیاکانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، ئیدارەی تڕەمپ ئێستا گرەو لەسەر کاریگەریی گەمارۆ بەردەوامەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران دەکات، ئەم ستراتیژییە ئامانجی "ئیفلیجکردنی" ژێرخانی نەوتی ئێرانە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە توانای ئێران بۆ بەرگەگرتن تەنیا چەند رۆژێکی کەم بخایەنێت.

تڕەمپ هێرشی کردووەتە سەر سەرکردایەتی ئێران و دەڵێت: "کەس نازانێت کێ لێرە بەرپرسە، تەنانەت خۆشیان نازانن. ئێمە دەسپێشخەریمان لەدەستە و ئەوان هیچ شتێکیان نییە."

هەروەها فەرماندەی سوپای پاکستان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتنی بیرۆکەکان و پێشنیازکردنی چارەسەرییەکان بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکانی تاران و واشنتن. هاوکات عەباس عێراقچی هاوتا تورکەکەی خۆی، هاکان فیدانی لە دوایین پێشهاتەکانی وەستانی شەڕ ئاگادار کردووەتەوە.