ئاژانسی مێهر 14 خاڵەکەی رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا ئاشکرا دەکات
ئاژانسی هەواڵی "مێهر"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکار، وردەکاریی رەشنووسی رێککەوتنێکی 14 خاڵیی نێوان تاران و واشنتنی بڵاو کردەوە.
دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، بەپێی ئاژانسەکە، رێککەوتنەکە نەک هەر کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەمارۆکان لەخۆ دەگرێت، بەڵکوو باس لە تەرخانکردنی 300 ملیار دۆلار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەکات و پرسی مووشەکی و گرووپەکانی بەرەی مقاومە بە یەکجاری لە کارنامەی گفتوگۆکان دوورخراونەتەوە.
بەپێی رەشنووسەکە، خاڵە هەرە گرنگەکان بریتین لە:
1. کۆتاییهێنان بە جەنگ: راگرتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی جەنگ لە هەموو بەرەکان، بە تایبەت لە لوبنان.
2. سەروەریی خاک: ئەمریکا بەڵێن دەدات دەستوەرنەداتە کاروباری ناوخۆی ئێران و رێز لە سەروەرییەکەی بگرێت.
3. گەمارۆی دەریایی و هورمز: هەڵگرتنی تەواوی گەمارۆی دەریایی و کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی 30 رۆژدا بەپێی ڕێوشوێنەکانی ئێران.
4. کشانەوەی هێزەکان: ئەمریکا بەڵێن دەدات هێزەکانی لە دەوروبەری ئێران بکشێنێتەوە.
5. ئابووری و نەوت: هەڵپەساردنی سزاکانی سەر فرۆشی نەوت و پترۆکیمیایی و دەستڕاگەیشتنی ئێران بە سەرچاوە داراییەکانی.
6. قەرەبووی ئاوەدانکردنەوە: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پابەند دەکرێن بە پێشکەشکردنی پلانێکی ئاوەدانکردنەوەی ئێران بە بڕی کەمتر لە 300 ملیار دۆلار.
7. پارە سڕکراوەکان: ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لە ماوەی 60 رۆژدا، کە دەبێت نیوەی ئەو بڕە پێش دەسپێکردنی دانوستانەکان بخرێتە بەردەستی تاران.
8. مەرجی دانوستان: دانوستانەکان دەستپێناکەن تاوەکو نیوەی پارە سڕکراوەکان ئازاد نەکرێن و گەمارۆی نەوت و دەریایی هەڵنەگیرێت.
9. پرسی ئەتۆمی: ئێران پابەندیی خۆی بە پەیماننامەی (NPT) دووپات دەکاتەوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم ناهێنێت.
10. هێڵی سوور: پرسی بەرنامەی مووشەکیی ئێران و پشتگیریکردنی گرووپەکانی بەرەی مقاومە بە شێوەیەکی بڕاوە لە کارنامەی گفتوگۆکان دەرکراون و دانوستانیان لەسەر ناکرێت.
قۆناخی داهاتوو
بڕیار وایە دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتە، قۆناخێکی 60 ڕۆژەی دانوستان بۆ هەڵگرتنی هەموو سزاکان (سەرەتایی و لاوەکی) و بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەستپێبکات. ڕێککەوتنی کۆتاییش دەبێت لە ڕێگەی بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسند بکرێت.