ئۆباما: رێککەوتنی ترەمپ لەگەڵ ئێران باشتر نابێت لەوەی ساڵی 2015

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا رایگەیاند، هەر رێککەوتنێک لە نێوان واشنتن و تاراندا ئەنجام بدرێت، لە بنەڕەتدا جیاواز یان باشتر نابێت لەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی لە ساڵی 2015ـدا لەگەڵ ئێران واژۆیان کرد.

یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "ABC News" کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە بە تەواوی بڵاوبکرێتەوە، گوتی: "گومانم هەیە هەر رێککەوتنێک کە پێی دەگەن، لە بنەڕەتدا جیاواز بێت یان زۆر باشتر بێت لەو رێککەوتنەی کە ئێمە لە سەرەتادا ئەنجاممان دا و ماوەیەکی زۆر کارمان لەسەر کرد، پێش ئەوەی ئەمریکا لێی بکشێتەوە".

سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، دیپلۆماسی نەک کردەوەی سەربازی، باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکان، هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت "دەتوانین بە سادەیی لەرێگەی هێز یان بۆردومانەوە چارەسەرەکانمان بسەپێنین".

ئۆباما داوای کرد لە گەڕان بەدوای چارەسەرە دیپلۆماسییەکاندا پەلە نەکرێت و گوتی: "پێویستە هەموو ئەگەرەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک تاقیبکرێنەوە کە ئەگەر هەموو کێشەکەش چارەسەر نەکات، بەڵام 80 یان 90%ـی چارەسەر بکات و رێگری لە جەنگ بکات." گوتیشی: "رەنگە مرۆڤ وا بیربکاتەوە کە ئێمە ئێستا وانەمان لەوە وەرگرتبێت، بەڵام وا دیارە پێویستە جارجارە دووبارە ئەو وانەیە فێر ببینەوە".

ئەم قسانەی ئۆباما لە کاتێکدایە، باس لە نزیکبوونەوەی ئەمریکا و ئێران دەکرێت بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کردنەوەی گەرووی هورمز، پێشتر دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو، رۆژی یەکشەممە رێککەوتنەکە واژۆ دەکرێت و رەخنەی توندی لە ئۆباما و رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 گرتبوو.