ئێران: رۆژی هەینی رێککەوتن لە سویسرا واژۆ دەکرێت
ئێران وردەکاریی رێککەوتنی "ئیسلام ئاباد" ئاشکرا دەکات
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن یەکلایی بوووەتەوە و لە ئەمشەوەوە هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا کۆتاییان دێت. غەریب ئابادی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای راستکردنەوەی بەڵێنەکانی ئەمریکا، قۆناخێکی 60 رۆژەی دانوستان بۆ هەڵگرتنی هەموو جۆرە سزاکان و پرسی ئەتۆمی دەستپێدەکات.
دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" رۆژی هەینی، 19ی حوزەیران، لە وڵاتی سویسرا بە فەرمی واژۆ دەکرێت. غەریبئابادی جەختی کردەوە کە کۆتاییهاتنی دەستبەجێ و هەمیشەیی شەڕ لە هەموو بەرەکان، بە تایبەت لە لوبنان، هەروەها هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لە ئەمشەوەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی گوتەکانی غەریبئابادی، دوای ئەوەی ئێران دڵنیا دەبێتەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا (وەک هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، راگرتنی شەڕ و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکان)، قۆناخێکی نوێی دانوستانی 60 رۆژە دەستپێدەکات. تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم 60 رۆژە بریتین لە:
1. هەڵگرتنی هەموو سزاکانی سەر ئێران (سەرەتایی و لاوەکی).
2. کۆتاییهێنان بە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئەنجوومەنی حوکام.
3. تاوتوێکردنی پرسی ئەتۆمی.
4. پرسی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری.
5. دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەردوولا.
غەریبئابادی جەختی کردەوە کە ئەم رێککەوتنە تەنیا بەرهەمی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو بەرهەمی "دەستکەوتە سەربازییەکان و خوێنی شەهیدانە". ئاماژەی بەوەش کرد کە هەڕەشە سەربازییەکانی ئەمشەوی ئێران و ئامادەیی هێزە چەکدارەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، وای کرد کە ئەمریکا لە دانوستانەکاندا پاشەکشە بکات و داواکارییەکانی ئێران لە دەقی رێککەوتنەکەدا جێگیر بکرێن.
گوتیشی: "ئێمە ئەمریکامان لە جەنگی سەربازیدا تێکشکاند و ئەوان لەم یاداشتەدا بەڵێنی کۆتاییهێنان بە شەڕیان داوە، بەڵام هێزە چەکدارەکانمان دەستیان لەسەر پەلەپیتکە دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر پیلانێک."
بڕیارە تا چەند خولەکێکی دیکە، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەیاننامەیەکی فەرمی لەمبارەیەوە بڵاو بکاتەوە و تێیدا وردەکاری زیاتر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات.