سعوودییە: چوونە مەککە و مەدینە بە ڤیزەی گەشتیاری قەدەغەیە

وەزارەتی ناوخۆی سعوودییە هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەو کەسانەی بە ڤیزەی گەشتیاری هەوڵی بەجێگەیاندنی حەج دەدەن، هاوکات سزایەکی قورسی دارایی بەسەر سەرپێچیکاراندا دەسەپێنێت.

وەزارەتی ناوخۆی سعوودییە لە راگەیەنراوێکدا هۆشدارییەکی توندی لەبارەی پرۆسەی حەجی ئەمساڵەوە بڵاوکردەوە و، رایگەیاند، هەرکەسێک بیەوێت بە ڤیزەی گەشتیاری لە وەرزی حەجدا سەردانی مەککە و مەدینە بکات بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی حەج و دەستگیر بکرێت، سزاکەی لە 100 هەزار ریاڵ کەمتر نابێت. بڕی ئەو سزایە یەکسانە بە نزیکەی 26 هەزار دۆلار.

وەزارەتی ناوخۆی سعوودییە داوا لە هەموو حاجییەکان دەکات پابەندی رێنماییەکان بن بۆ ئەوەی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ بەبێ گرفت بەڕێوەبچێت. ئاماژەی بەوەش دا، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزای توندی ئیداری دەبنەوە.

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی حەجدا، حکوومەتی سعوودییە رێوشوێنی توندی ئەمنی و کارگێڕی دەگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە قەرەباڵغی و کۆنتڕۆڵکردنی ژمارەی حاجییان. بەپێی یاساکانی سعوودیە، تەنیا ئەو کەسانە بۆیان هەیە بەشداری لە حەجدا بکەن مۆڵەتی فەرمییان هەیە. 

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە حەج. رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، یەکەم کاروان لە هەولێرەوە بەڕێ دەکەوێ و تاوەکو 10ـی ئایار سەرجەم کاروانەکان بەڕێ دەکەون.