فیلمێکی کوردی لە جەزائیر پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات
کورتەفیلمی "زەوی قەڵەڕەشەکان"، کە لە دەرهێنانی محەمەد حوسێنە، لە فێستیڤاڵی سینەمای هاوچەرخی وڵاتی جەزائیر، پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، محەمەد حوسێن، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، "ئەم فێستیڤاڵە کە لە هەرێمی شاری عەلمە لە پارێزگای ستیف لە جەزائیر لەژێر ناونیشانی "کاتێک وێنە قسە دەکات" بەڕێوەدەچێت، رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە فیلمەکەی ئێمەیان سەیرکردووە و بەدڵیان بووە، هەر بۆیە خۆشبەختانە ئێستا ئەو کورتەفیلمەی ئێمە لەبەشی پێشبڕکێیە بۆ بەدەستهێنانی خەڵات و هیوادارم بتوانین خەڵاتی تایبەت لەم فێستیڤاڵە بەدەست بهێنین."
محەمەد حوسێن گوتیشی، "ئەم کورتەفیلمە چیرۆکێکی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، کە تێیدا مرۆڤ لەگەڵ رابردووی خۆی دەجەنگێت. چیرۆکەکە لە ناوچەیەکی دوور و ئارام دەست پێدەکات، شوێنێک کە لە رووکاردا هێمنە، بەڵام لە ژێر ئەو ئارامییەدا نهێنی و ترسی هەڵگرتووە، کە هەر بەیانییەک قەڵەڕەشەکان لەسەر بانەکان و دارە وشکەکان کۆدەبنەوە، ئەوا خەڵک ئەو دیاردەیە بە نیشانەی شتێکی ناخۆش دەزانن."
ئەو دەرهێنەرە باس لە ناوەڕۆکی کورتەفیلمەکە دەکات و دەڵێت، "پاڵەوانی فیلمەکە پیاوێکە کە دوای ساڵانێک گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی. ئەو لە منداڵییەوە یادەوەرییەکی ترسناکی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، ونبوونی کەسێکی خێزان یان رووداوێکی خوێناوی کە هیچ کەسێک قسەی لەسەر ناکات. کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت خەڵکی ناوچەکە هێشتا بە ترس دەژین و هەموو کەسێک شتێک لەدڵی خۆیدا دەشارێتەوە."
محەمەد حوسێن ئاماژەی بەوەش دا، "لە ماوەی گەڕان و لێکۆڵینەوەکەیدا، پیاوەکە دەزانێت کێشەکە تەنیا ونبوونی تاکە کەسێک نەبووە، بەڵکو زنجیرەیەک بووە لە ستەم، خیانەت، و بێدەنگیی کۆمەڵگە. قەڵەڕەشەکان لە فیلمەکەدا تەنیا باڵندە نین، بەڵکو هێمای ویژدانن، ئەو شتەی کە مرۆڤ هەرچەندە هەوڵی بۆ بدات ناتوانێت لێی رابکات."
کورتەفیلمی "زەوی قەڵەڕەشەکان"، کە لە دەرهێنانی محەمەد حوسێنە و هەر یەکە لە، سامان محەمەد و سەرکۆ فەتاح و بیلال محەمەد رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن. ئەم کورتەفیلمە لە فێستیڤاڵی سینەمای هاوچەرخی جەزائیر بەشداری دەکات، کە بڕیارە 6ی حوزەیرانی 2026 بەڕێوەبچێت و ماوەی پێنج رۆژ بخایەنێت.
