ماکرۆن: قەیرانی وزەمان نییە و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، رایگەیاند، سەرەڕای پەرەسەندنی ئاڵۆزی و ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی وزە لە وڵاتەکەیدا جێگیرە و لەم قۆناغەدا هیچ مەترسییەک بۆ سەر دابینکردنی سووتەمنی و وزە لە ئارادا نییە.
دووشەممە 26ـی نیسانی 2026، ئەم لێدوانەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا وەک وەڵامێک هات بۆ هۆشدارییەکانی پاتریک بویانێ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای "تۆتال ئینێرجی"، کە پێشتر رایگەیاندبوو، ئەگەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەردەوام بن، فەڕەنسا لە ماوەی 2 بۆ 3 مانگی داهاتوودا رووبەڕووی کەمیی وزە دەبێتەوە.
ماکرۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان لە ئەسینا، گوتی: "دۆخی کەرتی وزە لەم قۆناغەدا لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدایە، لەژێر رۆشنایی بارودۆخی ئێستادا، بە هیچ شێوەیەک چاوەڕێی کەمیی وزە ناکەین."
سەرۆکی فەڕەنسا ئەو سیناریۆیانەی کە باس لە قەیرانی وزە دەکەن بە "پێشبینی سیاسی" ناوبرد و رایگەیاند، زۆربەی کات قەیرانی کەمیی شتومەک لە ئەنجامی ترس و بڕیاری بێسەروبەر لەژێر فشاری ژینگەی جیۆپۆلیتیکیدا دروست دەبێت، نەک بەهۆی نەبوونی راستەقینەی ماددەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ماکرۆن تیشکی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاریس و رایگەیاند، کارە لەپێشینەکانی وڵاتەکەی بریتییە لە دەستپێکردنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز لە کورتترین ماوەدا.
هەروەها سەرۆکی فەڕەنسا گوتی: "هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لە چەند رۆژ و هەفتەی داهاتوودا هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە، ئەوەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی ئازادیی گەشتی دەریایی."
ماکرۆن جەختی کردەوە، پاریس بەردەوامە لە فشار خستنە سەر لایەنە ناکۆکەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بە ئامانجی سەقامگیرکردنی ناوچەکە و کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ و ئاڵەنگارییانەی خراوەتە سەر رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان.