مالی، قاعیدە و جوداخوازان بەهاوبەشی هێرشی فراوان دەستپێدەکەن
وڵاتی مالی رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی پێکدادان و نائارامی بووەتەوە، دوای ئەوەی گرووپە جیهادییەکانی سەر بە رێکخراوی قاعیدە و گرووپە چەکدارەکانی جوداخواز گەورەترین هێرشیان لە چەندین ناوچەی جیاوازی وڵاتەکە دژی حکوومەتی باماكۆ دەستپێکرد.
یەکشەممە 26ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکان، شاری کیدال کە ناوەندی مێژوویی و ستراتیژی باکووری مالییە، کەوتووەتە دەست هێزەکانی "بەرەی ڕزگاری ئەزەواد"، هاوکات لە باماكۆی پایتەخت، هێرشەکان گەیشتوونەتە ناوچە هەستیارەکان، لەوانە بنکەی سەربازی "کاتی" کە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەسیمی گۆیتای سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازییە، هەروەها فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی باماكۆ و چەندین بنکەی مەشق و راهێنان.
ئەوەی ئەم هێرشانەی لە هێرشەکانی پێشوو جیاکردووەتەوە، "هاوئاهەنگی" نێوان گرووپی (نوسرەتولئیسلام و موسڵمین)ـی سەر بە قاعیدە و "بەرەی ئەزەواد"ـی جوداخوازە، هەرچەندە پڕۆژەی سیاسی ئەم دوو لایەنە جیاوازە، بەڵام لەسەر ئاستی تاکتیکی دژی سوپای مالی و هێزە رووسییەکان یەکیان گرتووە، چاودێران دەڵێن ئەمە گەورەترین هێرشی هاوئاهەنگە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا.
ئەم پەرەسەندنە گومانێکی زۆری خستووەتە سەر کاریگەریی فەیلەقی ئەفریقا (جێگرەوەی ڤاگنەری رووسی) کە ئێستا وەک هاوبەشی سەرەکی ئەمنی باماكۆ کاردەکات، پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، رووسیا توانیویەتی پارێزگاری لە مانەوەی دەسەڵاتداران بکات، بەڵام نەیتوانیوە سەقامگیری بۆ وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە یان کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر ناوچە دابڕاوەکاندا بسەپێنێتەوە.
لە کاتی هێرشەکاندا فڕۆکەخانەی باماكۆ داخرا و گەشتەکان هەڵوەشێنرانەوە، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا داوایان لە هاووڵاتیانیان کردووە لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، سوپای مالی دەڵێت بارودۆخەکەی کۆنترۆڵ کردووە و سەدان هێرشبەری کوشتووە، بەڵام شایەتحاڵەکان باس لە بەردەوامی دەنگی تەقە و وێرانبوونی ماڵی بەرپرسە باڵاکان دەکەن، لەوانە ماڵی وەزیری بەرگری لە ناوچەی کاتی.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرکۆنەی کردەوە توندوتیژییەکانی لە وڵاتی مالی کرد، ئەمەش دوای ئەوەی گرووپێکی جیهادی رایگەیاند چەکدارەکانیان بە هاوبەشی لەگەڵ یاخیبووان، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر سوپا لە سەرانسەری ئەو وڵاتەی کە لەلایەن ئەنجوومەنێکی سەربازییەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن گوتەبێژی گۆتێرێسەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "سکرتێری گشتی بە قووڵی نیگەرانە لەو راپۆرتانەی باس لە هێرش بۆ سەر چەندین شوێن لە سەرانسەری وڵاتی مالیدا دەکەن." هەروەها داوای "پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی دەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییە روو لە زیادبوونەکانی توندڕەویی توندوتیژانە و تیرۆر لە ناوچەی کەنار (ساحل) و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە بەپەلەکان."
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە باماكۆ هۆشدارییەکی ئەمنی بەپەلەی بڵاوکردەوە و داوای چارەسەری سیاسی کرد، لە هەمان کاتدا یەکێتی ئەفریقا هێرشەکانی سەر خەڵکی سڤیلی شەرمەزار کرد، لە بەرانبەردا، سوپای مالی رایگەیاندووە، بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام پێکدادانەکان تاوەکوو ئێستاش لە چەند ناوچەیەک بەردەوامن.
هاوکات عەمر دەب، بەڕێوەبەری ناوەندی ئۆپەراسیۆنە جیۆپۆلیتیکییەکان لە مۆسکۆ، دەڵێت: "ئەم پەرەسەندنە نیشانەی گەشەکردنی توانای گروپە چەکدارەکانە بۆ بڕینی قەڵا سەربازییەکان دوای کشانەوەی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی ساڵی 2023".
مالی لە ساڵی 2012ـەوە لەناو قەیرانێکی قووڵی ئەمنیدایە، دوای کودەتاکانی 2020 و 2021، حکوومەتە سەربازییەکەی گۆێتا پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرەنسا پچڕاند و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا شارەزایان هۆشداری دەدەن، سەرکەوتنی ئەم هێرشانە نەک تەنیا هەڕەشە لە مانەوەی ئەنجوومەنی سەربازی دەکات، بەڵکو مەترسی "جیهادی سنووربەزێن" بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەک بورکینافاسۆ، نەجیریا، گانا و تۆگۆ زیاتر دەکات، ئەمەش ناوچەی کەناری ئەفریقا دەخاتە ناو قۆناغێکی نوێ و خوێناوییەوە.