چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوا وادەی دەستووریدا کۆدەبێتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی لە دوا وادەی دەستووریدا کۆدەبێتەوە و بڕیارە کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵبژێرن.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز بکات، ئەمەش دوای ئەوە دێت لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا دوو جار هەوڵەکانیان بەهۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە دواخراوە.
دواخستنی کۆبوونەوەکان پەیوەندیی بە ناکۆکی و رێکنەکەوتنی هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساوە هەیە.
بڕیار وایە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سەرکردەکانی نێو چوارچێوەکە بە بژاردەی نوێوە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ تاوەکوو بگەنە کاندیدێکی سازان کە جێگەی رەزامەندیی زۆرینەی لایەنەکان بێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی سوودانی و مالیکی پێشتر نەیانتوانی بگەنە خاڵێکی هاوبەش.
لە ماوەی رابردوودا چەندین ناو وەک کاندیدی تەوافوقی خراونەتە روو، لەوانە باسم بەدری کە لەلایەن مالیکییەوە پشتیوانی دەکرا، بەڵام ئەو هەوڵانەش سەرکەوتوو نەبوون.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگی، هەر کاندیدێک بۆ ئەوەی ببێتە کاندیدی فەرمی، پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی هەیە، کە دەکاتە هەشت دەنگ لە کۆی 12 دەنگ. بەڵام هیچ کام لە مالیکی و سوودانی تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو رێژەیە بەدەستبهێنن.
چوارچێوەی هەماهەنگی گەورەترین هاوپەیمانیی شیعەکانە لە پەرلەمانی عێراق و دوای کشانەوەی رەوتی سەدر لە ساڵی 2022 پێکهێنراوە. ئەم هاوپەیمانییە لە چەندین پارتی سیاسیی جیاواز پێکدێت و بەردەوام لە کاتی دیاریکردنی پۆستە باڵاکاندا رووبەڕووی ململانێی توندی ناوخۆیی دەبێتەوە.
بە گوێرەی دەستووری عێراق، دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی وڵات، پێویستە سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ رابسپێرێت؛ بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە، ئەگەر لەو ماوەیەدا هیچ کەسێک رانەسپێردا، هەنگاوی داهاتووی سەرۆککۆمار چی دەبێت.
بە گوتەی چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی بواری یاسایی، ئەگەر لەو 15 رۆژەدا هیچ کەسێک بۆ پێكهێنانی حکوومەت رانەسپێردرا، سەرۆککۆمار دەتوانێت سکاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆمار بکات یان لە رێگەی پەرلەمانەوە کێشەکە چارە بکات.