وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا بۆ کوردستان24: هێرشی میلیشیاکان کاریگەریی کردووەتە سەر پەیوەندییەکانی واشنتن و بەغدا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی کوردستان24ـەوە هۆشدارییەکی توند دەداتە حکوومەتی عێراق و بە پێویستی دەزانێت، دەستبەجێ میلیشیاکانی سەر بە ئێران هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، تۆمی پیگۆت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24دا رایگەیاند، هەرچەندە ئاگاداری هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان، بەڵام شکستی بەردەوامی حکوومەتی بەغدا لە رێگریکردن لەو هێرشانە، جێگەی نیگەرانیی قووڵی ئەوانە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاشکرا هەندێک لایەنی نێو حکوومەتی عێراقی تۆمەتبار کرد و گوتی: "هەندێک لایەنی پەیوەندیدار بە حکوومەتی عێراقەوە، بەردەوامن لە پێشکەشکردنی پشتیوانی و پەناگەی سیاسی و دارایی بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق دەبێت."
پیگۆت لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، جەختی کردەوە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ جۆرە هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی قبووڵ ناکات. ئێمە چاوەڕێین حکوومەتی عێراق دەستبەجێ هەموو رێکارەکان بگرێتەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە میلیشیایانەی لە عێراقدا کار بۆ ئێران دەکەن."
ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کوردستان24 لە کاتێکدایە؛ لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی شوباتی 2026، میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی عێراق کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن؛ وەک پشتیوانییەک بۆ تاران، رۆژانە هێرشیان دەکردە سەر باڵیۆزخانە، کونسوڵخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
هەرچەندە ئاگربەستی جەنگ راگەیەنراوە، بەڵام ئەو گرووپە چەکدارانە بەردەوام هەڕەشە دەکەن، ئەگەر هێرش بکرێتەوە سەر ئێران، ئەمجارە توندتر لە جاران هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی ناوچەکە.