پارتی مەرج و داواکارییەکانی دەداتە بەغدا
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان مەرج و داواکاری و نیگەرانیەکانی لە یەک پاکێجدا کۆکردۆتەوە و لەسەر ئەم بنەمایە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی عێراق دەکات.
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، کە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان مەرج و داواکاری و نیگەرانیەکانی ئامادەکردووە و لەگەڵ هەر لایەنێکی عێراقی دابنیشێت، بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا، لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ئێمە نەکشاوینەتەوە بەڵکو نیگەرانیمان هەیە و گەڕاوینەتەوە، هەر کاتێک ئەو نیگەرانیە نەما و کێشەکان چارەسەرکران، ئەوا ئەوکات سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاردەدات.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، شاندێکی باڵا لە سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق، لە هەولێر سەردانی فراکسیۆنی پارتی بکات بە مەبەستی رەخساندنی زەمینەی لێکگەیشتن و گەڕانەوەیان بۆ نێو هۆڵی کۆبوونەوەکان.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییەی ناو پەرلەمان دوای ئەوە دێت، کە لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە (22ـی نیسانی 2026)، سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوای لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کرد لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن.
ئەرکی سەرەکیی ئەم لیژنەیە گفتوگۆکردنە لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بەو ئاستەنگ و هۆکارانەی وایان کردووە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکات.
پێشتر فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکان وەک ناڕەزایەتییەکە بەرانبەر بەو "پێشێلکارییە دەستووری و یاساییانەی" لە نێو پەرلەماندا روو دەدەن و بڕیارەکەیان تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.