وێستگەی کارەبا لە 8ـی حەسارۆک و دوو شوێنی دیکە دادەنرێت
وەزیری کارەبا و پارێزگاری هەولێر بڕیاری دروستکردنی سێ وێستگەی نوێی کارەبایان بە تێچووی 100 ملیار دینار دا و دەستبەجێ کارکردن تێیاندا دەستی پێکرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئیداریی پایتەخت کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون بۆ دروستکردنی سێ وێستگەی 132 کەی ڤی کارەبا کرا بڕیارە لە ناوچەکانی تیمار، شەمامک و هەشتی حەسارۆک دابنرێن.
وەزیری کارەبا جەختی لە درێژەدان بە جێبەجێکردنی پرۆژەکان کردەوە، ئاماژەی بەوە دا، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا ژمارەیەکی زۆر پرۆژە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ کراون. دروستکردنی ئەم سێ وێستگەیە بە تێچووی نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ بونیاتنانی ژێرخانی کارەبا و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی پرۆژەی رووناکی لە هەولێر و دەوروبەری زۆر گرنگە.
لای خۆیەوە پارێزگاری هەولێر سوپاسی وەزارەتی کارەبای کرد، روونیشی کردەوە، دروستکردنی ئەو سێ وێستگەیە بۆ پارێزگای هەولێر گرنگییەکی زۆری هەیە. هاوکات ئامادەیی یەکە ئیدارییەکانی دەربڕی بۆ کارکردن وەک یەک تیم لە پێناو سەرخستنی پرۆژەکان. راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکەش تیمە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە کارەکانیان کرد.