عێراق..  بودجە بۆ پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە بۆ تورکیا و سووریا تەرخان دەکات

عێراق بڕی ملیارێک 500 ملیۆن دۆلاری بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسڕە-حەدیسە بۆ تورکیا و سووریا تەرخان کرد .

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، محەمەد شیاع سوودانی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کردوە بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەی هێڵی بۆرییەکانی نەوتی (بەسرە- حەدیسە).

لە کۆبوونەوەکە سوودانی رایگەیاندووە، پڕۆژەی بۆری گواستنەوەی نەوتی بەسرە - حەدیسە، ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو بەرەو بەندەری جەیهانی تورکی، و بەندەرەکانی بانیاس و عەقەبە مسۆگەر دەکات.

لە کۆبوونەوەکە بڕیار لەسەر؛ پێکهێنانی دەستەیەکی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکەو وردەکارییە تەکنیکییەکانی ئەم پڕۆژەیە کرا و بڕیاردرا بە دابینکردنی یەک ملیارو پێنجسەد ملیۆن دۆلار وەک بودجەی پڕۆژەکە لە ماوەی ئەمساڵدا، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی عێراق-چین دابین دەکرێت. لە کاتێکدا تێچووی گشتیی خەمڵێندراوی پڕۆژەکە دەگاتە ٥ ملیار دۆلار.