ترەمپ: ئەگەر ئێرانییەکان دانوستانیان دەوێت، با پەیوەندیم پێوە بکەن

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، بەشێک لەو کەسانەی ئێستا لە پرسی ئێراندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین زۆر عەقڵانی و تێگەیشتوون، بەڵام هەندێکی دیکەیان بەو شێوە نینە.

یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ـی راگەیاند: ئەگەر ئێرانییەکانیان دانوستانیان دەوێت، دەتوانن پەیوەندیم پێوە بکەن، ئێمە هەموو کارتەکانمان لەدەستدایە، بەڵام دەبێت رێگری بکەین لەوەی ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی، چونکە جیهان دەخەنە مەترسییەوە.

بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، "بەشێک لەو کەسانەی ئێستا لە پرسی ئێراندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن زۆر عەقڵانین، بەڵام هەندێکی دیکەیان بەو شێوەیە نین." هاوکات هیوای خواست کە سەرکردایەتی ئێران "کەمێک ژیری و زیرەکی" نیشان بدەن.

ترەمپ پەیامێکی ئاڕاستەی تاران کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران بییەوێت گفتوگۆ بکات، دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات، ، ئەوان ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت."

ترەمپ ئاماژەی بەو وێرانکارییە ئابوورییە کرد کە بەسەر ئێران و ڤەنزوێلادا هێناویەتی و گوتی: "تەماشای ئەوە بکەن چیمان بەسەر ڤەنزوێلا و ئێراندا هێنا، ئەوان ئێستا وێران بوون."

هاوکات لە بارەی جەنگی ئێرانەوە، ترەمپ دەڵێت: جەنگ لەگەڵ ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت واشنتن وەک سەرکەوتوو لێی دەردەچێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بە دانوستانەکان لەگەڵ تاران، ترەمپ باسی لەوە کرد، " لەو چوارچێوەیەدا ئێمە دەست بەسەر یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێراندا دەگرین".

ترەمپ بە نیگەرانییەوە ئەوەشی خستە روو، ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە ماوەی چەند خولەکێکدا ئیسرائیل وێران دەکات.

لە بارەی راگرتنی گەشتی شاندەکەی بۆ ئیسلام ئاباد، ترەمپ گوتی: "من ڕێزێکی زۆرم بۆ سەرۆکوەزیران و فەرماندەی سوپای پاکستان هەیە، بەڵام هیچ مانایەک نابینم لەوەی شاندەکەم بنێرم بۆ گەشتێکی 18 کاتژمێری تەنیا بۆ ئەوەی لەوێ دابنیشن.

سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و بلۆککردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ئێران تووشی گرفتێکی تەکنیکی و ژینگەیی مەترسیدار بووەتەوە.

گوتیشی: "کاتێک بڕێکی زۆر لە نەوت لە ناو سیستەمەکەدا دەمێنێتەوە و هیچ شوێنێک نییە بۆی بنێردرێت، نە ناو کەشتی و نە ناو کۆگاکان، ئەو کاتە سیستەمەکە لە ناوەوە دەتەقێتەوە."

ترەمپ رایگەیاند: تەنانەت ئەگەر دوای ئەو کارەساتە هەوڵی چاککردنەوەی سیستەمەکەش بدەن، تەنیا دەتوانن 50%ـی توانای جارانیان بۆ بگەڕێتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە پیشەسازی نەوتی ئێران بۆ هەمیشە پەککەوتە دەبێت.

ترەمپ، بە باسکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: ئیدارەکەی بە جیددی کار بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگە دەکات و، لەم بارەیەوە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیم لەگەڵ پوتن و زێلینسکیدا ئەنجام داوە.