ئەمریکا بە بەهای 380 ملیۆن دۆلار دەست بەسەر نەوتی ئێراندا دەگرێت

ئەمریکا بە بەهای 380 ملیۆن دۆلار نەوتی ئێرانی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتووە.

کۆمپانیای تانکەر تراکەرز ئاشکرایکرد، هێزی دەریایی ئەمریکا لە زەریای هیندی بە بەهای 380 ملیۆن دۆلار نەوتی ئێرانی گرتووە، نەوتەکەش دەگوازرێتەوە بۆ ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشدا، لە وێنەکانی مانگی دەستکردەوە دەردەکەوێت، ئەو کەشتیانەی نەوتی ئێرانیان بارکردووە دەگەڕێنرێنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم رایگەیاند، لە سەرەتای گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا، هێزەکانیان رێنمایی 39 کەشتیان کردووە بگەڕێنەوە و هاتوچۆی بەندەرەکانی ئێران نەکەن.

هەروەها دوێنێ شەممە 25ـی نیسانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "کەشتیی M/V Sevan یەکێک بووە لەو 19 کەشتییەی (کەشتیگەلی سێبەر)ـی ئێرانی کە  لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنرا، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کەشتیانە دەستیان هەبووە لە گواستنەوەی بڕی ملیاران دۆلار لە نەوت، گازی ئێران بۆ بازاڕەکانی دەرەوە".

سەبارەت بە وردەکاری پرۆسەکە، سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردبوو، هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی لەسەر کەشتی جەنگی "USS Pinckney (DDG 91)" لە ناو ئاوەکانی دەریای عەرەبدا رێگریی لە کەشتیی "Sevan" کردووە، لە ئێستادا کەشتییەکە پابەندی فەرمانە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە و لە ژێر چاودێریی (ئیسکۆرت)ی هێزەکانی ئەمریکادا بەرەو ئێران دەگەڕێندرێتەوە.