عێراقچی سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ پوتن کۆدەبێتەوە

باڵیۆزی ئێران لە رووسیا: عێراقچی راپۆرتی دانوستانەکانی تاران و واشنتن دەداتە پوتن

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و میدیا فەرمییەکانی ئێران پشتڕاستیان کردەوە، کە بڕیارە سبەی، عێراقچی سەردانی مۆسکۆ بکات و لەگەڵ پوتن، کۆببێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە ئاگربەست و دانوستانەکان.

یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ سەردانی مۆسکۆ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ئیسنا) لە زاری کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە رووسیا بڵاوی کردەوە، کە بڕیارە سبەی دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی لە شاری مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە.

کازم جەلالی بە ئاژانسە ئێرانییەکەی راگەیاندووە، ئامانجی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مۆسکۆ، خستنەڕووی "دوایین پێشهاتەکانی دانوستانەکان، پرسی ئاگربەست و رووداوە پەیوەندیدارەکانە لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا".

هەروەها باڵیۆزی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە میانەی ئەم سەردانەیدا، عێراقچی راوێژ بە بەرپرسانی رووسیا دەکات و "راپۆرتێک"ی تێروتەسەلیان پێشکەش دەکات سەبارەت بەو پێشکەوتنانەی لە دانوستانەکاندا کە لەگەڵ ئەمریکا بەدەست هاتوون.

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ رووسیا، بەشێکە لە گەشتێکی دیپلۆماسی، کە پێشتر سەردانیکردنی بۆ هەریەک لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان و مەسقەتی پایتەختی عوومانیشی لەخۆگرتبوو.