کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوەشایەوە
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: بڕیاری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوەشایەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، شڤان جەباری پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: بریاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوەبچێت، بەڵام وادەی بەڕێوەچوونی هەڵوەشایەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، دواخستنی کۆبوونەوەکان پەیوەندیی بە ناکۆکی و رێکنەکەوتنی هەریەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساوە هەیە.
پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوە، ئەمەش گەورەترین فراکسیۆن دەخاتە بەردەم وادەیەکی دەستووری کە ئەمڕۆ کۆتایی دێت، بۆ ئەوەی بە فەرمی کاندیدەکەیان پێشکەش بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسیی ئەوە دەکرێت دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفری چەقبەستوویی سیاسی.
لە لایەکی دیکەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا سەرچاوەکان ئاشکرایان کردبوو کە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، ناوی "ئیحسان عەوادی" وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت پێشنیاز کردووە، لە بەرامبەریشدا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ناوی "باسیم بەدری" بۆ هەمان پۆست خستووەتە روو.