شاخەوان کەرکووکی بەرهەمێکی نوێی بڵاوکردەوە
شاخەوان کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی لەژێر ناوی "تۆراوە دڵی من"، لە چەناڵی یوتیوبی تایبەت بەخۆی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026، شاخەوان کەرکووکی، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەم بەرهەمە لەسەر بنەمای هەڵبژاردەیەک لە شیعری شاعیرانی گەورەی کوردی وەکو نالی و بێخود دامەزراوە. ئەم بەرهەمە بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ لە مەقامی نەهاوند ئامادەکراوە، کە یەکێکە لە مەقامە ناسراوەکانی مۆسیقا و هەستێکی قوڵ و کاریگەر دەگەیەنێت."
شاخەوان کەرکووکی گوتیشی، "ئەم بەرهەمە کاری تۆمارکردنی دەنگ لە ستۆدیۆ کاروان ئەنجامدراوە، هەروەها میوزیکی بەرهەمەکە لەلایەن کاروان تەیفور بۆی کراوە و بە شێوەیەکی هونەری تێیدا بەکارهاتووە. لە هەمان کاتدا، کلیپ و مونتاژی بەرهەمەکەش هەر لەلایەن کاروان تەیفور ئەنجامدراوە."
ئەو هونەرمەندە باس لە ستایلی گۆرانییە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت، "ستایلی ئەم بەرهەمە جیاوازە لە کارەکانی پێشووم، چونکە زیاتر سوودم لە شیعری کلاسیکی کوردی وەرگرتووە. ئەمەش هەوڵێکە بۆ گرێدانی مۆسیقای نوێ بە میراتی ئەدەبی کوردی و پێشکەشکردنی بە شێوازێکی تازە بۆ گوێگر. هیوادارم ئەم بەرهەمە نوێیەم بەدڵی هەموو هەوادارە ئازیزەکانم بێت."
شاخەوان کەرکووکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی شاری کەرکووکە. خاوەنی چەندین بەرهەمی گۆرانییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.