عومان و ئێران تاوتوێی دۆخی گەرووی هورمز دەکەن
بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی سەڵتەنەی عومان، رایگەیاند؛ گفتوگۆیەکی بەرهەمداری لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز ئەنجامداوە.
بوسەعیدی لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە: "وەک وڵاتانی کەناراو، ئێمە درک بە بەرپرسیارێتی هاوبەشمان بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، هەروەها جەختمان لەسەر پێویستییەکی مرۆیی بەپەلە کردەوە بۆ ئازادکردنی ئەو دەریاوانانەی کە ماوەیەکی زۆرە دەستبەسەرکراون."
وەزیری دەرەوەی عومان جەختیشی کردەوە، ناوچەکە پێویستی بە هەوڵێکی دیپلۆماسی زۆر و دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکی هەیە بۆ گەرەنتی کردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی بە شێوەیەکی هەمیشەیی.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "ئەسۆشیێتد پرێس" لە زاری بەرپرسانی پاکستانەوە بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی بۆ ماوەی 3 کاتژمێر لە ئیسلام ئاباد ماوەتەوە و ئاماژەیان بەوەش کردووە، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هێشتا بەردەوامن.
جێی ئاماژەیە، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە بۆ دووەمجار لە ماوەی 24 کاتژمێردا گەیشتە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان، ئەوەش دوای تەواوبوونی گەشتەکەی بۆ مەسقەت و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوڵتان هەیسەم بن تاریق و بەرپرسانی باڵای عومان. بڕیاریشە عێراقچی دواتر روو لە رووسیا بکات و کۆشک can (کرێملین)یش پشتڕاستی کردەوە کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، ئەمڕۆ دووشەممە لەگەڵ عێراقچی کۆدەبێتەوە.