ئێران پێشنیازێکی نوێ دەداتە ئەمریکا

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی نێوەندگیری وڵاتی پاکستانەوە، پێشنیازێکی نوێی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە. ئامانجی پێشنیازەکە کۆتاییهێنانە بە جەنگ و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.

بەگوێرەی  زانیارییەکان، پێشنیازەکەی ئێران بریتییە لە دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناخێکی دیکە، لە بەرامبەردا دەبێت سەرەتا گەرووی هورمز بکرێتەوە و ئەمریکاش گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت.

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە "ژووری ئۆپەراسیۆنەکان" (Situation Room) کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ئەنجام بدات. تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە تاوتوێکردنی چەقبەستوویی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە جەنگەکەدا.

رۆژی یەکشەممە، ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" دڵنیایی دا جەنگی ئێران بەم زووانە کۆتایی دێت و ئەمریکا تێیدا سەرکەوتوو دەبێت. ترەمپ گوتی: "پێموایە جەنگ لەگەڵ ئێران زۆر بە زوویی کۆتایی دێت و ئێمە بە سەرکەوتوویی لێی دێینە دەرەوە."

هەروەها جەختی کردەوە، رێگری دەکەن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت، ئێمە لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا دەست بەسەر تەپوتۆزی ئەتۆمیی ئێراندا دەگرین."

سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لەو کەسانەی لە ئێران مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن "عەقڵانین" و هەندێکی دیکەیان وا نین، هیوای خواست ئێران "ژیرانە" رەفتار بکات و گوتی: "ئەگەر ئێران بیەوێت قسە بکات، دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن."