شا چارڵزی سێیەم و شاژن کامێلا سەردانی واشنتن دەکەن
بڕیارە شا چارڵزی سێیەم و شاژن کامێلا ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی بگەنە واشنتن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان لە ناو گرژییەکی سیاسی و ئەمنیی تونددان؛ چاودێرانیش پێیان وایە ئەم سەردانە دەبێتە هۆی چاککردنەوەی ئەو ساردییەی کە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتەکەی کییەر ستارمەر و دۆناڵد ترەمپدا دروست بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026، شا چارڵزی سێیەم و شاژن کامێلا سەردانی واشنتن بکەن و بڕیارە سەردانەکەیان تاوەکو 30ی نیسان بەردەوام بێت. ئەم گەشتە دیپلۆماسییە دوای رووداوێکی تەقەکردن دێت لە کاتی چالاکییەکی کۆشکی سپی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای تێدا بوو، بەڵام کۆشکی باکنگھام دووپاتی کردەوە کە بەرنامەی سەردانەکە وەک خۆی بەڕێوە دەچێت.
سەردانەکە لە کاتێکی هەستیاردایە، بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان و ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئێران. چاودێران دەڵێن شا چارڵز دەتوانێت ئەو "تێکچوونە" چاک بکاتەوە کە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن دروستی کردبوو، دوای ئەوەی ستارمەر رایگەیاندبوو هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران لەگەڵ بەهاکانی بەریتانیا ناگونجێن.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا ستایشی شا چارڵزی کرد و بە پیاوێکی "مەزن و زۆر ئازا" ناوی برد، کە نوێنەرایەتییەکی باشی وڵاتەکەی دەکات. هەروەها شا چارڵز لە رێگەی سەرچاوە فەرمییەکانەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە کە دۆناڵد ترەمپ و میلانیا لەو رووداوی تەقەکردنە بە سەلامەتی رزگاریان بووە.
کریستیان تیرنەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەم سەردانە و ئەمەش رەنگدانەوەی "پەیوەندییە تایبەتەکەی" نێوان هەردوو وڵاتە. بڕیارە لە چوارچێوەی ئەم چوار رۆژەدا، چەندین کۆبوونەوەی ئاستبەرز لە کۆشکی سپی بۆ تاوتوێکردنی پرسە سیاسی و ئابوورییەکان ئەنجام بدرێن.