ئێوارەخوانی ترەمپ لەگەڵ رۆژنامەنووسان تەقەی تێکەوت

ترەمپ: ناکرێت هێرشەکە بە جەنگی ئێرانەوە ببەسرێتەوە

ئێوارەخوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ رۆژنامەنووسان تەقەی تێکەوت و بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا بە پەلە دەربازکران، بەڵام دەڵێت "هێرشکەرەکە گورگێکی تاقانەیە و ناکرێت رووداوەکە بە جەنگی ئێرانەوە ببەسرێتەوە".

دۆناڵد ترەمپ، بە ئامادەبوونی جەی دی ڤانسی جێگری و پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی و رۆژنامەنووسانی نێو کۆشکی سپی لە هۆتێل هیڵتۆن واشنتن ئێوارەخوانێکی رێکخست بوو، بەڵام دوای بیستینی دەستڕێژی گولـلە و برینداربوونی پۆلیسێکی پاسەوانەی شوێنەکە، هێزی نهێنی ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکان ترەمپ و بەرپرسان و خەڵکی ئامادەبووانی خوانەکەیان بە پەلە دەربازی دەرەوەی هۆتێلەکە کرد.

دوای قڵیشانەوەی دۆخەکە، سەرچاوە ئەمنیەکان دڵنیاییان لە سەلامەتی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئیدارەی ئەمریکا و ئامادەبووانی ئێوارە خوانەکەیاندا.

دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشکەرەکەی بە کەسێکی دەروون نەخۆش ناوبرد و گوتیشی: بڕوام وایە "گورگێکی تاقانەیە"؛ وەک بڵێی کەسێک سەربەخۆ و تاکەکەسی ئەو کردەوەی کرد بێت، نەک کەس و لایەنێک پشتیوانی بێت.

هەروەها ترەمپ ئاماژەیداوە، هیچ هۆکارێک بەدی ناکات بۆ ئەوەی باوەڕی بەوە هەبێت کە هێرشەکە پەیوەندی بە جەنگی ئێرانەوە هەبێت.

تەقەکەرەکە دوای قۆڵبەستکردنی لەلایەن ئەندامانی هێزی نهێنی ئەمریکا

هەر لە بارەی هێرشکەرەوەکەوە، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسەی تەقەی کردووە ناوی کۆڵ تۆماس ئالینە و تەمەنی 31 ساڵە، خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و دەستگیرکراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵەکە، لەکاتی تەقەکردنەکەدا نزیکەی 2600 کەس لە هۆڵی بۆنەکەدا ئامادەی ئێوارە خوانەکە بوون. 

ئێف بی ئای رایگەیاندووە، تۆمەتبارەکە بەنیازبووە بە چەکەوە دزە بکاتە هۆڵی بۆنەکان کە ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا و لەگەڵ رۆژنامەنووسەکانی کۆشکی سپی لەوێدا بوون.

هەروەها داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاند، تۆمەتبارەکە سبەی دووشەممە دەبرێتە بەردەم دادوەر.

هەر لەمبارەوە پارێزەرێکی ئەمریکی، بە ناوی جینین پیرۆ رایگەیاندووە، تەقەکەرەکە بە تاوانی بەکارهێنانی چەکی گەرم و رووبەڕووبوونەوەی پۆلیسی فیدراڵی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دادگایی دەکرێت.

رزگاربوونی ترەمپ لە تیرۆر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوەکوو ئێستا دووجار لە هەوڵی تیرۆر رزگاری بووە، کە هەردووکیان لە کاتی هەڵمەتی بانگەی هەڵبژاردنی 2024دا بوون.

باتلەر - پێنسیلڤانیا

تۆماس ماتیو کروکس تەمەن 20 ساڵ، لە میانەی هەڵمەتی بانگەشە راستەوخۆ تەقەی لە ترەمپ کرد و گولـلەیەک بەر گوێی راستی ترەمپ کەوت، دوای تەقەکردنەکە، تۆمەتبارەکە لەلایەن نیشانەشکێنێکی هێزی نهێنی ئەمریکاوە کوژرا.

وێست پاڵم بیچ - فلۆریدا

لەو کاتەی ترەمپ سەرقاڵی یاریی گۆڵف بوو، تۆمەتبارێک بە ناوی رایان وێسلی رۆس بە چەکێکەوە بینرا، هەرچەندە لەلایەن ئەندامێکی هێزی نهێنی ئەمریکاوە کە پاسەوانی ترەمپ دەکەن، تەقەی لێکرا، بەڵام رزگاری بوو، دواتر دەستگیر و دادگایی کرا و سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێندر.

ترەمپ پێنج جار هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە:

لاس ڤێگاس - حوزەیرانی 2016

هاووڵاتییەکی بەریتانی تەمەن 20 ساڵ، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا هەوڵی رفاندنی چەکی پۆلیسێکی ئەمریکیدا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد کە نیازی کوشتنی ترەمپی هەبووە.

داکۆتای باکوور - ئەیلوولی 2017

پیاوێک کرێنێکی زەبەلاحی دزی هەوڵی پەلاماردانی کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی دۆناڵد ترەمپی دا.

ئەیلوولی 2020

کەسێکی هەڵگری دوو رەگەزنامەیی فەرەنسی و کەنەدی، نامەیەکی ژەهراوی بە ماددەی "رایسین"ی بۆ ترەمپ نارد.

تەممووزی 2024

هاووڵاتییەکی پاکستانی دەستگیرکرا و تاوانی ئەوەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پاداشتێکی ماددی پێدراوە بۆ کوشتنی ترەمپ. 

دوای چەند مانگێک، هاووڵاتییەکی ئێرانی  کە بە هەوڵی کوشتنی هاووڵاتییەکی ئەمریکی تۆمەتبار کرابوو، دانینا بەوەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە بەرانبەر کوشتنی ترەمپ، پاداشتێکی ماددی پێدراوە.

واشنتن - شوباتی 2026

گەنجێکی تەمەن 21 ساڵان، لەلایەن ئەندامانی هێزی نهێنی ئەمریکا کوژرا کە تاپڕێکی ڕاو و بتڵێکی گازی بە دەستەوە بوو، هەڕەشەی کوشتنی دۆناڵد ترەمپی دەکرد.