تورکیا سۆشیالمیدیا لە منداڵان قەدەخە دەکات

بڕیارە ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی قەدەغەکردنی سۆشیالمیدیا لە منداڵان و رێگریکردن لە توندوتیژییەکانی ناو قوتابخانەکان.

بڕیارە سبەی سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی ناوەندیی بڕیاردانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆببێتەوە.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی هێرشە چەکدارییەکانی ئەم دواییەی ناو قوتابخانەکانی پارێزگاکانی رووها و مەرەش لە باکووری کوردستان. چاوەڕوان دەکرێت، بەرپرسانی پارتەکە راپۆرتێکی ورد لەسەر هۆکارەکانی ئەو توندوتیژییانە پێشکەش بکەن.

هەروەها، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیاری دابینکردنی دوو پۆلیس بۆ هەر قوتابخانەیەک دەکرێت، بڕیارەکە هەفتەی رابردوو چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. پرسێکی تری گرنگی کۆبوونەوەکە، پرۆژەیاسای سنووردارکردنی سۆشیالمیدیایە بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمەکانی سەلماندنی تەمەن، سڕینەوەی خێرای ناوەڕۆکی زیانبەخش و دانانی سنوور بۆ یارییە ئەلیکترۆنییەکان دەکرێت، بە ئامانجی پاراستنی نەوەی نوێ لە مەترسییە دیجیتاڵییەکان. لەپاڵ پرسە ناوخۆییەکاندا، پرۆسەی ئاشتی لە وڵاتەکە و دوایین پێشهاتەکانی پرسی چارەسەری تاوتوێ دەکرێن.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکە، چاوەڕوان دەکرێت ئەردۆغان پەیامێکی گرنگ ئاراستەی رای گشتی بکات، بەتایبەتی سەبارەت بە پاراستنی منداڵان و ئەو رێکارە نوێیانەی بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی لە ناوەندەکانی خوێندندا دەگیرێنە بەر.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، چەندین وڵاتی تری جیهان لەوانەش ئوسترالیا و فەرەنسا رێکاری هاوشێوەیان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی منداڵان لە مەترسییە دیجیتاڵییەکان. لە تورکیا ئەم پرسە زیاتر گرنگیی پێ درا، دوای ئەوەی چەند رووداوێکی توندوتیژی و هێرشی چەکداری لە قوتابخانەکانی مەرەش و رووها روویان دا. 

لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، رەنگە سۆشیالمیدیا و یارییە ئەلیکترۆنییەکان کاریگەرییان هەبووبێت لەسەر هاندانی توندوتیژی لای مێردمنداڵان.