رۆژنامەی ئیعتماد: بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەرهەمهێنانی پۆڵا لە ئێران کەمی کردووە

رۆژنامەی "ئیعتماد" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کەرتی پیشەسازیی پۆڵا لە ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە رووبەڕووی قەیرانێکی قورس بووەتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنانەی بۆ زیانی یەکە پیشەسازییەکان کراوە، نزیکەی 10 ملیۆن تۆن لە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی پۆڵای وڵات کەمیکردووە. ئەم بڕە یەکسانە بە سەدا 25 بۆ سەدا 30ـی کۆی توانای بەرهەمهێنانی پۆڵا لە ئێراندا.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە؛ کەرتی پۆڵا یەکێکە لە بزوێنەرە سەرەکییەکانی ئابووریی پیشەسازیی ئێران و پێشتر ساڵانە نزیکەی 31.9 ملیۆن تۆن بەرهەمی هەبووە. بەهۆی پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی ئەم کەرتە لەگەڵ پیشەسازییەکانی دیکە، زیانەکان کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی سێکتەرەکان دروست کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئێستا بەهۆی ئەم پاشەکشەیەوە، پیشەسازییە گەورە و گرنگەکانی وەک: بیناسازی، دروستکردنی ئۆتۆمبێل، کەرتی وزە و ژێرخانەکان تووشی داڕمانی گەورە بوون.

هاوکات، جێگری لێکۆڵینەوە ئابوورییەکانی ژووری بازرگانیی تاران لە راپۆرتێکی ورددا تاوتوێی "کاریگەریی و وێرانبوونی یەکەکانی پۆڵای لەسەر کەرتە جیاوازەکانی ئابووریی کردووە و چەند پێشنیاز و رێگەچارەیەکی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە خستووەتەروو.