راوێژکاری ئەڵمانیا: ئێران سووکایەتی بە ئەمریکا دەکات
راوێژکاری ئەڵمانیا، رایگەیاند، تاران سووکایەتی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و بەرپرسانی واشنتن بە دەستی خاڵی لە دانوستانەکان دەگەڕێنێتەوە؛ جەختیشی کردەوە، ئەو لە ستراتیژیی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران تێناگات، ئەمەش نیشانەی قووڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی نێو ناتۆیە.
دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، لە میانی گوتارێکدا بۆ خوێندکاران لە شاری "مارسبێرگ" رەخنەی توندی لە شێوازی بەڕێوەبردنی قەیرانی ئێران گرت و گوتی: "زۆر روونە ئێرانییەکان زۆر شارەزان لە دانوستان، یان باشتر بڵێم، زۆر شارەزان لە 'دانوستان نەکردن'؛ ئەوان رێگە دەدەن ئەمریکییەکان بچنە ئیسلامئاباد و دواتر بە دەستی خاڵی بەڕێیان دەکەنەوە."
مێرتس ئاماژەی بەوە کرد، "سەرکردایەتی ئێران و بەتایبەتی ئەوەی پێی دەوترێت سوپای پاسداران، خەریکی سووکایەتیکردنن بە نەتەوەیەکی تەواو (ئەمریکا)." ئەو هیوای خواست کە ئەم دۆخە بە زووترین کات کۆتایی پێ بێت، چونکە جیهان چیتر بەرگەی ئەم ئاڵۆزییە ناگرێت.
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاشکرای کرد، پێش دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا، هیچ راوێژێک لەگەڵ ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا نەکراوە و گوتی: "ئەگەر بمزانیبایە دۆخەکە پێنج بۆ شەش هەفتە دەخایەنێت و بەرەو خراپتر دەچێت، زۆر بە روونیی ئەو کاتە قسەم لەگەڵ ترەمپ دەکرد." ناوبراو ئەم جەنگەی بە جەنگەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان چواند کە بێ ئامانجێکی روون بەردەوام بوون.
مێرتس جەختی کردەوە، ئەم ململانێیە باجێکی قورسی دارایی لە ئەڵمانیا دەستێنێت و هێزی ئابووریی وڵاتەکەی لاواز کردووە. هەروەها گوتی وەک ئەوروپییەکان پێشنیازیان کردووە کەشتیی مینڕێژی ئەڵمانی بنێرن بۆ پاککردنەوەی گەرووی هورمز، چونکە بەشێکی زۆری گەرووەکە مینڕێژ کراوە و ئەمەش هۆکاری سەرەکیی پەککەوتنی بازاڕی وزەیە.
کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیانی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، بە نێوەندگیری پاکستان، ئاگربەستێکی دوولایەنە بۆ 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە،
گەڕی یەکەمی دانوستان لە 11ـی نیسان لە ئیسلامئاباد بەڕێوە چوو، بەڵام بەهۆی بوونی کۆمەڵێک جیاوازیی قووڵ لە دیدگای هەردوولادا، نەتوانرا رێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان واژۆ بکرێت.
لە چوارشەممەی رابردووەوە تا چەند رۆژێک دواتر حکوومەتی پاکستان هەموو ئامادەکارییەکی ئەمنی و دیپلۆماسی بۆ میوانداری گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانی رێکخست بوو، بەمەش بەشێکی زۆری شەقامە سەرەکی و شوێنە گشتییەکانی ئیسلامئاباد بە هێزی ئەمنی تەندرابوون، هەروەها هۆتێل سێرینای پایتەخت کە بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان چۆڵکرابوو، دوای نەگەڕانەوەی شاندەکانی دانوستان دیسانەوە دەرگای بۆ میوانداری گەشتیارانی ئاسایی کردەوە.
دوای 40 رۆژی جەنگ، ئەمریکا بە نێوەنگیری پاکستان لە 8ی ئەم مانگە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی بەرانبەر بە ئێران راگەیاند، بەڵام لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو ماوەی ئاگربەستە کاتییەکە کۆتاییهات و ترەمپ جارێکی دیکە ماوەکەی درێژکردەوە بێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو دابنێت.