نرخی نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاند
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە گەرووی هورمز و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینی و نەوتی برێنت گەیشتە سەروو 107 دۆلار. دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییەکی مەترسیداری ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکان و نەبوونی شوێنی کۆگا، تەنیا سێ رۆژ ماوە بۆ ئەوەی بۆرییە نەوتییەکانی ئێران لە ژێر فشاردا بتەقنەوە.
دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، بەپێی دوایین داتاکان، نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 2.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 107.58 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی 2% زیادی کرد و گەیشتە 96.30 دۆلار. شارەزایانی بازاڕ دەڵێن گەیشتنی نەوت بە سەروو 100 دۆلار نیشانەیەکە بۆ هەبوونی فشارێکی زۆر لەسەر دابینکردنی وزە لە جیهاندا.
دۆخی مەیدانی لە گەرووی هورمز زۆر ئاڵۆزە. سوپای پاسدارانی ئێران دەستی بەسەر دوو کەشتیی بارهەڵگری کۆنتینەردا گرتووە بەناوەکانی (MSC Francesca) و (Epaminondas). ئەم هەنگاوەی ئێران وەک وەڵامێک دێت بۆ رێگریکردنی ئەمریکا لە تانکەرێکی نەوتی ئێرانی لە هەفتەی ڕابردوودا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوێنێ یەکشەممە رایگەیاندبوو، بەهۆی گەمارۆیەکی توندی دەریایی ئەمریکاوە، ئێران نەوتەکەی بۆ هەناردە ناکرێت و کۆگاکانی پڕ بوونەتەوە؛ هۆشداریشی دا، تەنیا سێ رۆژ ماوە پێش ئەوەی بۆرییە نەوتییەکانی ئێران بەهۆی قەتیسبوونی نەوت تێیاندا مەترسی تەقینەوەیان لەسەر دروست بێت.
سەرەڕای گرژییە سیاسییەکان، بازاڕی پشکەکان لە ژاپۆن، کۆریای باشوور و تایوان ئاستێکی پێوانەیییان تۆمار کرد. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گەشبینی وەبەرهێنەران بە بازاڕی چیپ و ژیریی دەستکرد (AI). پێنوێنی "نیکای" ژاپۆنی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئاستی 60 هەزار خاڵی تێپەڕاند. شارەزایان دەڵێن وەبەرهێنەران ئامادەن چاوپۆشی لە کێشە جیۆپۆلەتیکییەکان بکەن ئەگەر چیرۆکێکی بەهێزی وەک گەشەی تەکنۆلۆژیا لە ئارادا بێت.
پریانکا ساچدیڤا، گەورە شرۆڤەکاری بازاڕ، دەڵێت: "پەیامەکە بۆ بازاڕی وزە روونە؛ گواستنەوەی نەوتی جیهانی زۆر ناسکە و ئابووریی جیهانی بەردەوام باجی ئەم ململانێیە دەدات." هەڵوەشاندنەوەی گەشتی شاندە باڵاکەی ئەمریکاش بۆ پاکستان نیشانەی ئەوەیە کە واشنتن و تاران هێشتا زۆر دوورن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی.