ئەمساڵ نۆ جۆر باڵندەی نوێ کیوی لە ژینگەی دەڤەری بارزان تۆمارکراون

وێنەی باڵندەکە
وێنەی باڵندەکە

بەرپرسی راگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان ئاماژە بەوە دەکات، بۆ یەکەمجار لە کوردستان و عێراق جۆرە باڵندەیەک لە دەڤەری بارزان بینراوە.

سدیق حەسەن، بەرپرسی راگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان، ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە چەند رۆژی رابردوو بۆ یەکەمجار لە کوردستان و عێراق جۆرە باڵندەیەکی دەگمەن لە دەڤەری بارزان بینراوە، باڵندەکە ناوی شیکرایە و  لە ناوچە گەرمەکانی ئاسیا و ئەفریقا دەبینرێت.

سدیق حەسەن گوتیشی، قەبارەی باڵندەکە نزیکەی 26–30 سم دەبێت و باڵەکانی تا 60 سم دەبن، هەروەها لە فڕیندا زۆر خێرایە،  ئەمساڵ نۆ جۆری باڵندەی نوێ لە دەڤەری بارزان تۆمارکراون، بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکرێت ژینگەیەکی گونجاو و لەبار بۆ باڵندەکان دروست بکرێت، بۆیە ساڵانە باڵندەی جیاواز و نوێ روودەکەنە دەڤەری بارزان.

بەرپرسی راگەیاندنی بەتالیۆنی ژینگەپارێزی بارزان ئاماژەی بەوەشدا، دەڤەری بارزان ناوچەیەکی سەلامەتە بۆ باڵندە و ئاژەڵەکێوییەکان، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر کۆچی باڵندەکان هەبووە، بۆ دەڤەرەکە یەکێک لە هۆکارەکانی دەرکەوتنی ئەم باڵندانە بووە، هاوکات شەڕی ئێران و ئەمریکا هۆکارێکی دیکە بووە، چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژینگە دروستدەکات و باڵندەکانیش زووتر هەستی پێدەکەن.

دەڤەری بارزان خاوەن سروشتێکی دڵفڕێن و دەوڵەمەندە بۆ ئاژەڵە کیوییەکان و باڵندەکان، تا ئێستا زیاتر لە 240 جۆری باڵندە لەو سنوورە تۆمارکراون.

پرسی ژینگە لە دەڤەری بارزان بە درێژای مێژوو گرنگیەکی زۆری پێ دراوە و بووەتە كولتوورێکی جوان و جیاواز لە هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان؛ ئەمەش بووەتە جێگەی سەرسامی خەڵك و گەشتیار و هاووڵاتیان بۆ بینینی ئاژەڵی كێوی و دیمەنی جوانی ژینگە و سروشت سەردانی دەڤەرەكە دەكەن.