بارسێلۆنا دەیەوێت خێرا بکات لە پرۆژەی گواستنەوەی ئالڤارێز

جولیان ئالڤارێز
جولیان ئالڤارێز

ئاشکرایە کە یانەی بارسێلۆنا بەدوای هێرشبەرێکی ئاستبەرزدا دەگەڕێت بۆ بەهێزکردنی پڕۆژە وەرزشییەکەی داهاتووی. ئەو یاریزانەی هەڵبژێردراوە خولیان ئالڤارێز لە ریزەکانی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدە.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردەوە یانە کەتەلۆنییەکە هەنگاوەکانی خێرا کردووە بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو خولیان ئالڤارێز بگوازێتەوە ریزەکانی و بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی بە بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە، هەرچەندە رەنگە گفتوگۆکان ئاسان نەبن، لەبەر ئەوەی رۆخێ بلانکۆس زۆر پێداگیرە لەسەر هێشتنەوەی هێرشبەرە ئەرجەنتینیەکەی.

سەرچاوەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە لە ژووری جلگۆرینی یانەی بارسێلۆنا گەشبینن کە بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، نرخێک بۆ ئەو یاریزانە دابنێن و ئەوانیش زۆر بە خێرایی کار لەسەر گواستنەوەی بکەن.

سپۆرت زانیاریشی دەستکەوتووە ئالڤارێزی گلۆپی سەوزی بۆ بارسێلۆنا هەڵکردووە و ئامادەیە هاوینی داهاتوو پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات، بەڵام گەورەترین بەربەستی بەردەم ئەم پرۆژەیە تێچووی گواستنەوەکەیەتی، لەبەر ئەوەی دەنگۆیەک هەیە یانە مەدریدییەکە ئامادە نەبێت کەمتر لە 150 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری گۆڵکارەکەی نەبێت.