سوودانی: کاندیدکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بە رێککەوتنی من و مالیکی بووە
محەممەد شیاع سوودانی ، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "لەگەڵ نووری مالیکی رێککەوتین بۆ ئەوەی عەلی فالح زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران نوێی عێراق کاندید بکەین"؛ هاوکات زەیدیش دەڵێت " رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان لەپێشینەی کارەکانی داهاتوومان دەبێت".
دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، بەهۆی نەبوونی سازان لەنێوان هێز و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئەرکی راسپاردنی کەسایەتییەکمان پێسپێردرا بۆ کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق. گوتیشی "کاندیدکردنی عەلی زەیدی بە رێککەوتنی من و مالیکی بووە".
هەروەها ئاماژەشی داوە، پێشنیازەکەیان بۆ کاندیدکردنی عەلی زەیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێ بە کۆی دەنگ لە چوارچێوەی هەماهەنگی پەسەندکراوە.

کۆبووەنەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی
راگەیەندراوی چوارچێوەی هەماهەنگی
چوارچێوەی هەماهەنگی لە راگەیەندراوێکی وردەکاریی کۆبوونەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممەی بڵاوکردەوە، کە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی حکوومەت لە بەغدا بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە تایبەت بووە بە یەکلاکردنەوەی کاندیدی نوێی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریان داوە متمانە لە نووری مالیکی وەک کاندیدی ئەو پۆستە وەربگرنەوە. ئەم هەنگاوە وەک سەرەتایەک بۆ گۆڕانکاری لە کاندیدی پێشنیازکراو و تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسیی ئێستای عێراق هەژمار دەکرێت.
لەم کۆبوونەوەیەدا لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی سوپاسی هەڵوێستی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانیان کردووە، کە کاندیدەکانیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو کشاندووەتەوە. ئەم هەنگاوەشیان ئاسانکاری بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی وەسفکردووە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە؛ دوای پێداچوونەوە بە ناوی کاندیدەکان، دواجار لەسەر کاندیدکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی عێراق رێککەوتن.
گوتاری کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق
لە دوای یەکلابوونەوەی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، عەلی فالح زەیدی لە گوتارێکدا، سوپاسی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، کە متمانەیان پێیداوە و کاندیدیان کرد بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.
کاندیدی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق جەختیشی کردەوە، رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەرکی لە پێشینەی دەبێت، گوتیشی: ئەو سەرچاوە مرۆیی و سروشتیانەی عێراق هەیەتی، لە چوارچێوەی دیدگای دەوڵەتێکی بەهێزی ئابووری و گەشەسەندوی کۆمەڵایەتیدا هەلی بەڕێوەبردن دەڕەخسێنێت، بۆ ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێکی هاوسەنگ لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
بیۆگرافیای عەلی زەیدی
- عەلی فالح کازم زەیدی.
- لە دایکبووی 1986 – بەغدا.
- هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە دارایی و بانک.
- سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی کارگێڕی بانکی باشوور ئیسلامی بووە.
ئەرک و کارەکانی ئێستای
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی کۆمپانیای نیشتمانی هۆڵدینگ.
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی زانکۆی شەعب.
- سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی پەیمانگەی پزیشکیی عەشتار.
راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ
هەر ئەمشەو چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، کۆبووەنەیەکی دیکە فراوانیان کرد و عەلی زەیدی بە فەرمی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەتی نوێی فیدراڵ راسپێردرا، بەمەش لە 15 تا 30 رۆژی داهاتوودا دەبێت پێکهاتەی کابینەکەی کە لە 22 وەزیری پێکدێت لە کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمان بیانناسێنێت، بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و متمانە بە دەست بێنن.
ناکۆکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە، کە پۆستی سەرۆکوەزیرانیان بەردەکەوێت، نەیانتوانی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش لەناوخۆدا رێک بکەون، دواجار چوارچێوەی هەماهەنگی کە کۆکەرەوەی زۆرینەی هێز و لایەنە شیعەکانە، لە 10ـی کانوونی دووەمی 2026، متمانەیان بە نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسادا بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام لە 24ـی هەمان مانگدا بە فەرمی کاندید بوونی مالیکیان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق راگەیاند.
هەروەها لە 27ـی کانوونی دووەمی 2026دا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریدا لەسەر کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، بەڵام چوار رۆژ دواتر لە 31ـی کانوونی دووەمی 2026دا، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەوە کردەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پرسێکی تەواو ناوخۆیی و دەستووریی عێراقە و تەنیا لە رێگەی میکانیزمە سیاسییە نیشتمانییەکان و بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات یەکلایی دەکرێتەوە، بەمەش وەڵامی هۆشدارییەکەی ترەمپیان دایەوە.