جۆن بۆڵتن بۆ کوردستان24: ئاگربەست لەگەڵ ئێران هەڵەیە و دەبێت جەنگ دەستپێبکاتەوە

راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، کە ئاگربەستی ئێستای نێوان واشنتن و تاران هەڵەیەکی ستراتیژییە و تەنیا فشارەکان لەسەر ئێران کەمدەکاتەوە؛ جەختیشی کردەوە سەرەڕای گورزە سەربازییە قورسەکان، هێشتا ئامانجی سەرەکی کە "گۆڕینی دەسەڵاتە" بەدی نەهاتووە و تاران بە نیازێکی راستەقینەوە نەچووەتە ناو دانوستانەکانەوە.

دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە میانی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24دا کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، ئاماژەی بەوە کرد، کە ناردنی شاندێکی 80 کەسی لە لایەن ئێرانەوە بۆ پاکستان نیشانەی نەبوونی متمانەی ناوخۆیی و رایەکی یەکگرتووە لە تاران و گوتیشی: "ئێرانییەکان رێنمایی روونیان پێنەدراوە، لە نێوخۆدا دابەشبوونە، بۆیە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئیسلام ئاباد شکستی هێنا."

بۆڵتن رەخنەی لە گۆڕینی ئامانجەکانی جەنگ گرت لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە و گوتی: "ترەمپ سەرەتا باسی گۆڕینی دەسەڵاتی دەکرد، بەڵام دواتر گوتی تەنیا سەرکردەکانمان گۆڕیوە. راستییەکە ئەوەیە هەرچەندە سەرکردە نوێیەکان هاتوون، بەڵام هەمان بیرۆکەی سوپای پاسدارانیان هەیە."

راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەشی دا، پێی وایە، ئامانجەکانی ئەمریکا لە سەرەتاوە روون بوون، کە ئەویش لاوازکردنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە و بڕینی پشتیوانییە دارایی و سیاسییەکانی تاران بۆ گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە، گوتیشی: تاکە رێگە بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە گۆڕینی دەسەڵاتی ئێرانە.

باسی لەوەش کرد، متمانەی بە ئێران نییە و ئاگربەست کارێکی هەڵەیە، بۆڵتن پێشنیازی کرد، ئەمریکا دەبێت جەنگ دەست پێ بکاتەوە و لە رێگەی هێزەوە گەرووی هورمز بکاتەوە و گەمارۆی تەواوەتی بخاتە سەر هەناردەی نەوتی ئێران.

بە بڕوای بۆڵتن، ترەمپ ئێستا لە ژێر فشاری ناوخۆیی و ئابووریدایە، بەتایبەت کە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت. ترەمپ دەترسێت دەستپێکردنەوەی جەنگ ببێتە هۆی کەمبوونەوەی دەنگی کۆمارییەکان، بۆیە سەرنجی لەسەر ئەوەیە جەنگ دەستپێنەکاتەوە زیاتر پەنا بۆ دیپلۆماسی دەبات.

راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بڕینی ئینتەرنێت و نەبوونی رۆژنامەگەریی ئازاد، قەبارەی راستەقینەی زیانەکانی ئێران نازانرێت، بەڵام روونە بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ژێرخانی وزە و بەرنامە ئەتۆمییەکەیان و هێزی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی گورزی گەورەی خواردووە. ئەو هۆشداری دا: "ئەگەر دەسەڵات نەگۆڕدرێت، ئێران دواتر بەو داهاتەی دەستی دەکەوێتەوە، هەموو شتێک بنیات دەنێتەوە."

بۆڵتن ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە گوایە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپی بۆ ئەم جەنگە رازی کردووە و گوتی: "ترەمپ خۆی ئەم جەنگەی دەستپێکرد و خۆیشی کۆتایی پێ دەهێنێت. ناتانیاهۆ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپیشدا زۆر هەوڵیدا، بەڵام رازی نەبوو."

بۆڵتن هۆکاری پشتگیری نەکردنی وڵاتانی ناتۆ و هاووڵاتییانی ئەمریکای بۆ ئەم جەنگە گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە "ترەمپ پێشوەختە راوێژی لەگەڵ هاوپەیمانەکان نەکرد و هۆکاری هەڕەشەکانی ئێرانی بۆ روون نەکردنەوە، بەڵکوو تەنیا دوای دەستپێکردنی هێرشەکان دەستی کرد بە باس کردنیان."

هەروەها بڕیارە هەر ئەمڕۆ ترەمپ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی لە "ژووری ئۆپەراسیۆنەکان" کۆببێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی هەنگاوەکانی داهاتوو، کە بۆڵتن بە ساتێکی یەکلاکەرەوەی ناوزەند کرد.