پرۆسەی وەرگرتنی 2 هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

ئەرشیف
ئەرشیف

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو کەسانەی ناویان بۆ فەریزەی حەج گەڕاوەتەوە، لە ئەمڕۆوە دەتوانن بڕی دوو هەزار دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندیی وەربگرن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، حاجییان دەتوانن لە رێگەی بانکی جیهان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی (A-B) ئەو بڕە دۆلارە وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حاجییان (پاسپۆرت، ڤیزەی حەج و بڕی 2 ملیۆن و 665 هەزار دینار)یان پێ بێت.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونی کردەوە، ئەم بڕیارە هاوکارییەکی باشە بۆ حاجییان و بەهۆیەوە هەر حاجییەک زیاتر لە 450 هەزار دینار سوودمەند دەبێت.

سەبارەت بە گواستنەوەی حاجییان، کاروان ستوونی رایگەیاند؛ بە هەوڵی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ئەوقاف، فڕۆکە دابینکراوە بۆ ئەوەی حاجییان لە دەروازەی عەرعەرەوە بگەیەنرێنە شاری جەددە لە عەرەبستانی سعوودیە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرینەی کارەکانی پەیوەست بە حاجییان تەواو کراوە و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی گەشتەکان لە قۆناخی کۆتاییدان.