گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ دەستیان پێکردەوە

ئاژانسی هەواڵی "نۆڤۆستی" لە زاری سەرچاوەکانی فڕۆکەخانەی "شێریمێتیێڤۆ"ی مۆسکۆ بڵاویکردەوە، گەشتێکی کۆمپانیای "ماهان ئێر"ی ئێرانی لە تارانەوە بەرەو مۆسکۆ بەڕێکەوتووە، ئەمە یەکەمین گەشتە لەو هێڵە ئاسمانییەدا کە لە دوای 26ـی شوباتی رابردووەوە ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، گەشتەکانی ئەم هێڵە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لە کۆتایی مانگی شوباتدا وەستا کە ئاسمانی ئێران داخرا.

لەلایەکی دیکەوە، دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئێران رایگەیاند، لە 18ـی نیسانەوە بەشێک لە ئاسمانی ناوچە رۆژهەڵاتییەکانی وڵاتەکەی کردووەتەوە، ئاماژە بەوەش کراوە، پڕۆسەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە فڕۆکەخانە جیاوازەکان بە شێوەیەکی پلەبەندی و بەپێی ئامادەیی تەکنیکی و سەربازی و شارستانی دەبێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان.

هاوکات، ئەمینداری گشتیی یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە ئێران پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەخانەکانی (ئیمام خومەینی، مێهرئاباد، مەشهەد، بیرجەند، گورگان و زاهیدان) بەڕووی گەشتەکاندا کراونەتەوە، ئەمەش یەکەمجارە ئاسمانی ئێران بەوشێوەیە بکرێتەوە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو.