بۆ یەکەمجار جۆرێکی نوێی باڵندە لە کوردستان دەدۆزرێتەوە

وێنەی باڵندەی شیکرا
وێنەی باڵندەی شیکرا

وێنەگری باڵندە کێوییەکانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدابە ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند؛ بۆ یەکەمینجار باڵندەی "شیکرا" (Shikra) کە ناوی زانستییەکەی (Accipiter badius)ـە، لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بینرا و وەک تۆمارێکی نوێ خرایە لیستی باڵندەکانەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، سابر دری وێنەگری باڵندە کێوییەکانی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، سەرەتا وا هەستی کردووە باڵندەکە "ئوراسیان سپارۆ هاوک" بێت، چونکە لێکچوونێکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە و تەنیا لە رێگەی رەنگی چاو و هەندێک جیاوازیی وردی دیکەوە لێک جیا دەکرێنەوە. دوای وێنەگرتنی و راوێژکردن لەگەڵ دکتۆر کۆرۆش ئارارات (شارەزای بایۆدایڤێرستی) و شارەزایەکی ئیتاڵی، پشتڕاستکرایەوە، باڵندەکە جۆری "شیکرا"یە. لە ئێستاشدا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە رێگەی UNـەوە ئەم باڵندەیە بۆ لیستی باڵندەکانی کوردستان و عێراق زیاد بکرێت.

تایبەتمەندییە زانستییەکانی باڵندەی شیکرا:

سەر بە خێزانی (Accipitridae) باز و هەڵۆکانە.
درێژییەکەی نێوان 26 بۆ 30 سم و پانیی باڵەکانی دەگاتە 60 سم.
خاوەنی چاوێکی سوور یان نارنجی گەشە.
ناوچە گەرمەکانی ئاسیا (وەک هیندستان و پاکستان) و بەشێک لە ئەفریقا.

رەفتار و تواناکان:

باڵندەیەکی راوکەری زۆر خێرا و چالاکە؛ لە دارستانە چڕەکاندا بە تاکتیکی "هێرشی ناپاکی" (Surprise attack) راو دەکات.
باڵندەی بچووک، مار، مارمێلکە، مشک و حەشرات دەخوات.
لەسەر دارەکان نیشتەجێ دەبێت، 3 بۆ 5 هێلکە دادەنێت و هەردوو دایک و باوکەکە پێکەوە پارێزگاری لە هێلکەکان دەکەن.
لە ژینگەی کێویدا لە نێوان 10 بۆ 15 ساڵ دەژیت.