ئێران داوای سیستەمی "ئێس 400" لە رووسیا دەکات

سیستەمی ئێس 400
سیستەمی ئێس 400

وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، داوای سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئێس 400ـی کردووە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی بەرگریی وڵاتەکەی دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و گفتوگۆشیان لەبارەی کۆتایهێنان بە جەنگ کردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، رۆژنامەی "تەلەگراف"ـی بەریتانی ئاماژەی بەوە کرد، شەوی رابردوو لە نووسینگەی "بۆریس یەڵتسن" لەسەر رووباری نیڤا لە رووسیا، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەتەوە.

 رۆژنامەکە روونیشی کردەوە، عێراقچی داوای لە پووتین کردووە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێس 400 بە تاران بدات.

تەلەگراف ئەوەشی خستە روو، دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کەلێنی گەورە لە سیستەمی بەرگریی تاران دروست بووە، لەبەر ئەوە داوای سیستەمی ئێس 400 لە مۆسکۆ دەکەن.

 بە گوێرەی سەرچاوەکان، پووتین و عێراقچی باسیان لەو سازشانە کردووە تاران رەنگە بۆ واشنتنی بکات لە پێناو کۆتایهێنان بە جەنگ.

ئێران پێشتر سیستەمی بەرگریی ئێس 300ـی لە رووسیا کڕیوە، بەڵام بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای سەربازی و زیادبوونی مەترسییەکان، ئێستا پێویستی بە سیستەمی پێشکەوتووتری ئێس 400 هەیە.

 سیستەمی ئێس 400 یەکێکە لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە جیهاندا و توانای رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەی جەنگی و مووشەکی بالیستی هەیە.

 لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی ئێران، لاوازیی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی تاران دەرکەوتووە، ئەمەش وای کردووە ئێران هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی چەکی پێشکەوتوو لە هاوپەیمانەکانی بۆ رێگریکردن لە هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی دیکە.