بەرپرسێکی پێنتاگۆن: توانای بەرگرییمان بەرامبەر مووشەکە دەنگبڕەکان نییە

وێنەی مووشەکێکی دەنگبڕی هایپەرسۆنیک
وێنەی مووشەکێکی دەنگبڕی هایپەرسۆنیک

مارک بێرکۆڤیتش، یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ کاروباری بۆشایی ئاسمان رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئێستا هیچ ئامرازێکیان نییە بۆ خۆپاراستن و بەرپەرچدانەوەی مووشەکە دەنگبڕەکان (هایپەرسۆنیک) و مووشەکە کرووزە پێشکەوتووەکان.

ئەم لێدوانانەی بێرکۆڤیتش لە کاتی دانیشتنێکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە رۆژی دووشەممەدا هات، کە تایبەت بوو بە پێداچوونەوە بە نەوەی نوێی سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئەمریکا.

بێرکۆڤیتش لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە تواناکانی بەرگریی وڵاتەکەی گوتی: "ئێستا ئێمە خاوەنی سیستەمێکی بەرگریی زەمینیی زۆر سنووردارین، کە تەنیا بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە کتوپڕە بچووکەکانی کۆریای باکوور دیزاین کراوە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کە واشنتن توانایەکی زۆر کەمی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشە بالیستییەکان و جەختی کردەوە، "تا ئێستا هیچ ئامرازێکی پاراستنمان لە ،ووشەکە دەنگبڕەکان یان مووشەکە کرووزە پێشکەوتووەکان لەبەردەستدا نییە."