ئەمریکا پێشبینی سەرهەڵدانی قەیرانی بەنزین لەناوخۆی ئێران دەکات
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانەوە پیشەسازیی نەوتی ئێران بەرەو لەناوچوون دەچێت و لە قۆناغی داهاتوودا ئەو وڵاتە رووبەڕووی قەیرانی کەمیی بەنزین دەبێتەوە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی واشنتنەوە پیشەسازیی نەوتی ئێران زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە.
هەروەها روونیشی کردەوە، بەم زووانە پاڵاوگەکانی نەوت لەو وڵاتە پەکیان دەکەوێت و کێشەی نەبوونی بەنزین سەرهەڵدەدات.
بێسێنت لە درێژەی قسەکانیدا هۆشداریی دایە حکوومەت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەرتی وزە و هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بەدوور بگرن، چونکە رووبەڕووی سزاکانی ئەمریکا دەبنەوە.
وەزیری گەنجینە ئەوەشی خستە روو، داخستنی رێڕەوە ئاوییەکان و وەستانی هەناردەکردنی نەوت وای کردووە کۆگاکانی نەوتی ئێران پڕ ببن و پرۆسەی دەرهێنانی نەوت بەتەواوی دابەزێت.
دوای ئەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار و شەڕی راستەوخۆی لێ کەوتەوە، ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستە سەر رێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوتی ئێران.
ئەم هەنگاوە بووە هۆی وەستانی زۆربەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە، بەتایبەتی بۆ وڵاتی چین کە گەورەترین کڕیاری نەوتی ئەو وڵاتەیە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پاکێجێکی نوێی سزای خستە سەر دەیان کۆمپانیا و کەشتیی گواستنەوەی نەوت بۆ ئەوەی سەرچاوەی داهاتی ئێران وشک بکات.
بەهۆی نەبوونی توانای هەناردەکردن و پڕبوونی کۆگاکان، بەشێکی زۆر لە کێڵگە نەوتییەکان و پاڵاوگەکانی ناوخۆی ئێران ناچار دەبن کارەکانیان رابگرن، ئەمەش وای کردووە مەترسیی سەرهەڵدانی قەیرانی سووتەمەنی و بەنزین لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا دروست ببێت.