حکوومەتی عێراق: قەرەبووی زیانلێکەوتووانی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەینەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاریدا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بکاتەوە و هەروەها دەسەڵاتی تەواوی بە کۆمپانیا سۆمۆ دا بۆ ئەوەی میکانیزمە نوێیەکانی بەبازاڕکردن بەکاربهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سودانی، حەڤدەیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە چەند بڕیارێکی لەخۆ گرتبوو کە گرنگترینیان، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بوو.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تەرخانکردنی بڕە پارەیەک وەک شایستەی دارایی بۆ خێزانی ئەو کەسانەی لە هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان شەهیدبوون.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی دۆخی نائاسایی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی تەواوی بە کۆمپانیای سۆمۆ (SOMO) دا بۆ ئەوەی میکانیزمە نوێیەکانی بەبازاڕکردن بەکاربهێنێت و لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی ئامادەیی کڕینی نەوتیان هەیە وتوێژ بکات، ئەمەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی خاو.
هەروەها 25ـی نیسان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بڵاوکردەوە، لە 50 رۆژدا 809 هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر هەولێر پایتەخت بوونە.
بە گوێرە ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، کە لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، چەندین جار بە درۆن و مووشەک، بە بیانووی جیاواز و بێ بنەما هێرشی سەر هەرێمی کوردستان کراوە و لە هێرشەکاندا شوێنی مەدەنی، سەر و ماڵی هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت کراونەتە ئامانج.