گۆڕانی کەشوهەوا دارستانەکانی جیهانی خستووەتە "دۆخێکی نائاسایی هەمیشەیی"
لێکۆڵەران ئاشکرای دەکەن، سەرەڕای کەمبوونەوەی رێژەی لەدەستدانی دارستانە کەمەرەییەکان لە ساڵی 2025دا، بەڵام هێشتا لە هەر خولەکێکدا رووبەرێکی هاوتای 11 یاریگای تۆپی پێ لەو دارستانانە لەناو دەچن و گۆڕانی کەشوهەواش وەک هەڕەشەیەکی سەرەکی ماوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، توێژەرانی پەیمانگەی سەرچاوە جیهانییەکان (WRI) و زانکۆی مێریلاند راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ساڵی رابردوو جیهان 4.3 ملیۆن هێکتار (10.6 ملیۆن ئەکر) دارستانی باراناوی کەمەرەیی لەدەستداوە. ئەم رێژەیە بەراورد بە ساڵی 2024، بە رێژەی 36% کەمبووەتەوە.
ئەلیزابێس گۆڵدمان، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی سەکۆی چاودێری دارستانەکانی جیهان لە WRI رایگەیاند: "دابەزینی ئەم ئاستە لە ماوەی تەنیا یەک ساڵدا هاندەرە و نیشانی دەدات کە هەنگاوە جیدییەکانی حکوومەتەکان دەتوانن چی بەدەست بهێنن، بەڵام بەشێک لەم کەمبوونەوەیە تەنیا ئارامییەکی کاتییە دوای ساڵێکی پڕ لە ئاگرکەوتنەوەی سەخت."
توێژەران هۆشداری دەدەن کە ئەو ئاگرکەوتنەوانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە روودەدەن، بوونەتە "دیاردەیەکی نوێی مەترسیدار" کە هەڕەشە لەو دەستکەوتانە دەکەن کە حکوومەتەکان لە بەرەنگاربوونەوەی دارستانبڕیندا بەدەستیان هێناون. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت دیاردەی "ئێل نینۆ" لە نیوەی ئەمساڵدا بگەڕێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرمای جیهان و زیادبوونی مەترسیی وشکەساڵی و ئاگرکەوتنەوە.
لە راپۆرتەکەدا کە پشتی بە داتاکانی مانگی دەستکرد بەستووە، ئاماژە بەوە کراوە کە زیانەکانی ساڵی رابردوو هێشتا زۆرن و رووبەرەکەی هاوتای وڵاتی دانیمارکە، کە ئەمەش 46% زیاترە بەراورد بە دە ساڵ لەمەوبەر. هەروەها رێژەی لەدەستدانی دارستانەکان 70% لەو ئاستە بەرزترە کە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجە جیهانییەکانی ساڵی 2030.
سیاسەتەکانی حکوومەت
بەشێکی زۆری کەمبوونەوەی رێژەی لەناوچوونی دارستانەکان بۆ وڵاتی بەرازیل دەگەڕێتەوە. لەدەستدانی دارستانەکان لەو وڵاتە (بەبێ هەژمارکردنی ئاگرکەوتنەوە) بە رێژەی 41% کەمی کردووە، ئەوەش نزمترین ئاستە کە تا ئێستا تۆمار کرابێت. ئەم سەرکەوتنە بۆ سیاسەتە توندەکانی سەرۆک لولا داسیلڤا دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی 2023وە دەستی بەکار کردووە و سزای توندی بۆ تاوانە ژینگەییەکان داناوە.
هاوکات لە وڵاتی کۆڵۆمبیا رێژەی لەدەستدانی دارستانەکان 17% کەمی کردووە. لە ئیندۆنیزیاش سەرەڕای زیادبوونی 14%ی رێژەکە، بەڵام هێشتا زۆر لە خوار ئەو ئاستە بەرزانەیە کە دە ساڵ لەمەوبەر تۆمار کرابوون. لە مالیزیاش هەوڵەکانی حکوومەت بوونەتە هۆی جێگیربوونی دۆخەکە.
بەڵام لە بەرانبەردا، لەناوچوونی دارستانە کەمەرەییەکان لە وڵاتانی وەک بۆلیڤیا، کۆنگۆی دیموکرات، کامیرۆن و ماداگاسکار هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە.
ساڵی رابردوو رووپۆشی دارستانەکانی جیهان بە گشتی 14% کەمبووەتەوە. هەرچەندە فراوانبوونی کەرتی کشتوکاڵ هۆکاری سەرەکییە، بەڵام ئاگرکەوتنەوە بەرپرس بووە لە 42%ی لەناوچوونی دارستانەکان لەسەر ئاستی جیهان.
گۆڵدمان ئاماژەی بەوە کرد: "لە سێ ساڵی رابردوودا، ئاگرکەوتنەوەکان دوو هێندەی دوو دەیەی پێشوو دارستانەکانیان سووتاندووە."
کەنەدا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە ساڵی رابردوو دووەم خراپترین ساڵی ئاگرکەوتنەوەی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کرد، کە تێیدا 5.3 ملیۆن هێکتار دارستان سووتان. پسپۆڕان دەڵێن گۆڕانی کەشوهەوا و بڕینەوەی دارستانەکان، ئاگرکەوتنەوە وەرزییەکانیان گۆڕیوە بۆ "دۆخێکی نائاسایی هەمیشەیی".