تا ئێستا 10 برینداری رووداوەکەی کەرکووک لە نەخۆشخانە ماون
لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە و تەنیا کوڕی شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستگیرکراوە
تا ئێستا 10 برینداری رووداوی هاتوچۆکەی ناوەندیی کەرکووک لە نەخۆشخانە ماون، لەنێویاندا یەکێکیان لە چاودێری چڕە و یەکێکی دیکەشیان لە بەشی سووتاوییە، لێکۆڵینەوەکانیش لە رووداوەکە بەردەوامە و تەنیا یەک کەس دەستگیرکراوە.
دکتۆر شاسوار عەلی جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتیی تەندروستی کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نیسانی 2026، لە لێدوانێکی تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، تازەترین زانیاریی لە بارەی دۆخی تەندروستیی بریندارانی رووداوەکەی رۆژی یەکشەممەی خستەڕوو و ئاماژەیدا، هیچ حاڵەتێکی دیکەی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.
گوتیشی: کۆی گشتیی بریندارەکان 31 کەس بوون، بەڵام 21 بریندار دوای چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کراون، لەو 10 بریندارەی ماون، یەکێکیان رەوانەی هەولێر کراوە، دوو نەشتگەری قاچ و پشتی بۆ کراوە.
هەروەها ئاماژەیدا، تەنیا یەک بریندار تا ئێستا لە نەخۆشخانەی کۆماری فێرکاری ماوە و هەشت برینداری دیکەش لە نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری کەرکووکن، یەکێکیان لەبەشی سوتاوییە، بریندارێکی دیکەش لە بەهۆی خوێنبەربوونی سەرییەوە لە ئێستاش لە چاودێر چڕە.
هەر بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، کوڕی شۆفێرەکە دەستگیرکراوەو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان تەواو نەبووە.
ئێوارەی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، لە رووداوێک لە شاری کەرکووک، بارهەڵگرێک بەهۆی خێرایی زۆرەوە کۆنترۆڵی لە دەستدا خۆی بە 35 ئۆتۆمبێلی تردا کێشا و بەهۆیەوە 6 کەس، لەنێویاندا چواریان ئافرەت و منداڵێک و پیاوێک کە شۆفێری بارهەڵگرە بوو، گیانیان لەدەستدا.