وردەکاریی دابەشکردنی پۆستەکانی حکوومەتی نوێی عێراق

وردەکاریی دابەشکردنی پۆستەکان لە کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی ئاشکرا بوو.

لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، نەخشەی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان لە نێوان پێکهاتە و هێزە سیاسییەکاندا خەریکە بەتەواوی روون دەبێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ی راگەیاند، پشکەکان بەسەر شیعە، سوننە، کورد و پێکهاتەکانی دیکەدا دابەش کراون و کێبڕکێیەکی تووندیش لەسەر وەزارەتە سیادییەکان هەیە.

 

سیستەمی خاڵبەندی و جۆرەکانی وەزارەت

لە کاتی پێکهێنانی هەر کابینەیەکدا لە عێراق، پرسی دابەشکاریی پۆستەکان دەبێتە جێگەی مشتومڕی سیاسیی تووند، چونکە لایەنەکان هەوڵ دەدەن وەزارەتە سیادییەكان بۆ خۆیان ببەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دارایی و سیاسییان زیاتر بێت.

 

دابەشکردنەکە بەپێی سیستەمی خاڵبەندییە و وەزارەتەکان بەم شێوەیە پۆلێن کراون:

- وەزارەتە سیادییەکان: زۆرترین خاڵیان هەیە، کە بریتین لە (دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، دارایی و نەوت).

- وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان: خاڵەکانیان مامناوەندە، وەک وەزارەتەکانی (تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا، کارەبا و وەزارەتەکانی دیکەی خزمەتگوزاری).

- وەزارەتەکانی دەوڵەت: کەمترین خاڵیان هەیە و زۆرجار وەک ڕازیکردنی لایەنەکان بەکاردەهێنرێن.

 

پشکی شیعەکان و ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان

بە گشتی پێکهاتەی شیعە لەم کابینەیەدا زۆرترین پشکیان بەردەکەوێت کە لە نێوان (12 بۆ 13) وەزارەت دەبێت. ئەو وەزارەتانەی بە شێوەیەکی گشتی بۆ شیعەکان یەکلایی بوونەتەوە بریتین لە (ناوخۆ، نەوت، کارەبا، دارایی، تەندروستی و گواستنەوە).

 

سەرچاوەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، دابەشکارییە ناوخۆییەکانی شیعە بەم شێوەیەیە:

- هاوپەیمانێتییەکەی محەممەد شیاع سوودانی: 5 بۆ 6 وەزارەت وەردەگرێت، کە رەنگە یەکێکیان وەزارەتێکی سیادی بێت.

- دەوڵەتی یاسا (بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی): 3 وەزارەت وەردەگرێت.

- عەسائیب (بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی): تەنیا دوو وەزارەت وەردەگرێت، هۆکارەکەش ئەوەیە کە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان بردووە؛ بەڵام خەزعەلی چاوی لە وەزارەتی پەروەردەیە (کە پێشتر لای سوننەکان بووە) و ئامادەیە لەپێناو وەرگرتنی پەروەردە، دەستبەرداری وەزارەتی خوێندنی باڵا ببێت.

- بەدر (بە سەرۆکایەتیی هادی عامری): یەک وەزارەت وەردەگرێت.

 

پشکی سوننەکان

لایەنە سوننەکان لە کابینەکەی عەلی زەیدیدا (5 بۆ 6) وەزارەت وەردەگرن. بەپێی دابەشکارییەکان، ئەو وەزارەتانەی دەدرێن بە سوننە بریتین لە وەزارەتەکانی (بەرگری، پلاندانان، پەروەردە، پیشەسازی و بازرگانی)، هەرچەندە کێشمەکێش لەسەر وەزارەتی پەروەردە لەلایەن هێزە شیعەکانەوە هەیە.

 

پشکی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان

کورد لە کابینەی نوێدا (3 بۆ 4) وەزارەت وەردەگرێت، کە وەزارەتەکانی (دەرەوە، داد، لەگەڵ ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون) لەخۆ دەگرێت.

سەرچاوەکەی کوردستان24 جەختی لەوە کردەوە، لە کۆی ئەو پشکەی کورد، بە دڵنیاییەوە دوو وەزارەتیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت، کە یەکێکیان وەزارەتێکی سیادی دەبێت (وەک وەزارەتی دەرەوە).

 

پێکهاتەکانی دیکە و سەربەخۆکان

سەبارەت بە پێکهاتەکانی دیکەی وەک (مەسیحی و تورکمان) و هەروەها پەرلەمانتارە سەربەخۆکان، بەزۆری وەزارەتە خزمەتگوزارییە بچووکەکانیان پێ دەدرێت، وەک وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، یانیش پۆستی وەزیری دەوڵەتیان بۆ تەرخان دەکرێت.