نرخی نەوت گەیشتە 117 دۆلار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی کتوپڕ و بەرچاو بەرزبووەوە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێک سەبارەت بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئامادەکاریی گەمارۆدانێکی درێژخایەنی بەندەرەکانی ئێران و گەرووی هورمز. ئەم پەرەسەندنە نرخی نەوتی برێنتی گەیاندە بەرزترین ئاست لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستە لەرزۆکەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی راگەیاندووە، دەبێت پلان و ئامادەکاری بکەن بۆ گەمارۆدانێکی درێژخایەنی سەرجەم بەندەرەکانی ئێران و رێڕەوی ئاویی گەرووی هورمز.

ئەم هەواڵە دەستبەجێ کاریگەریی قورسی خستە سەر بازاڕەکانی وزە. نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ گرێبەستەکانی مانگی حوزەیران، بە رێژەی 5.16% بەرزبووەوە و گەیشتە 117 دۆلار، کە ئەمە ئاستێکی پێوانەیییە لەم مانگەدا.

هاوکات نەوتی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە هەمان ئاراستە هەنگاوی نا و نرخەکەی بە رێژەی 4.85% زیادی کرد، بەو شێوەیەش نرخی هەر بەرمیلێک گەیشتە 104.78 دۆلار.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەم هەنگاوەی ترەمپ نیشانەی ئەوەیە واشنتن بە نیاز نییە بەم زووانە فشارە ئابوورییەکانی سەر تاران کەم بکاتەوە، ئەمەش دڵەڕاوکێی زۆری لای وەبەرهێنەران دروست کردووە سەبارەت بە داهاتووی دابینکردنی وزە لە جیهاندا، بەتایبەت ئەگەر گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژ بە داخراوی بمێنێتەوە.