تاران داخستنی 7 خوێندنگەی ئێرانی لە ئیمارات و کوەیت رادەگەیەنێت

حکوومەتی ئێران بە فەرمی داخستنی حەوت خوێندنگەی وڵاتەکەی لە ئیمارات و کوەیت راگەیاند و، سیستەمی خوێندنی ئەو خوێندنگایانەی گۆڕی بۆ ئۆنلاین.

چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، عەلی فەرهادی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە فەرمی داخستنی حەوت خوێندنگەی ئێرانی لە هەردوو وڵاتی ئیمارات و کوەیت راگەیاند.

فەرهادی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە "ئامانجی سەرەکیی وەزارەتەکەیان دڵنیابوونەوەیە لەوەی لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا، قوتابییە ئێرانییەکان لە پرۆسەی خوێندن دانەبڕێن و بەردەوام بن".

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران بە توندی رەخنەی لە حکوومەتی ئیمارات گرت سەبارەت بەو بڕیارەی کە ئەو بە هەنگاوێکی "نایاسایی" وەسفی کردووە، ئەویش تایبەت بووە بە دەرکردنی نزیکەی 2 هەزار و 500 قوتابیی ئێرانی.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە "لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی عوممان، ئەو قوتابییانە تا کۆتایی ساڵی خوێندنیان لەوێ بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە چارەنووسی سیستەمی فێرکاریی وڵاتەکەی لە وڵاتانی کەنداو، فەرهادی رایگەیاند: " ئێستا خوێندنگە ئێرانییەکان لە سعوودییە، کوەیت و ئیمارات دەوامکردنی تێدا نەماوە و پرۆسەکە کراوەتە ئۆنلاین و، چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم ساڵی خوێندن بە شێوازی گریمانەیی کۆتایی پێبێت."

ئەم پێشهاتانەش ئاماژەیەکی روونن بۆ بوونی ئاڵەنگاریی دیپلۆماسی و کارگێڕی لە بەردەم دامەزراوە ئێرانییەکان لەو وڵاتانەدا.