حەجخوازانی هەرێمی کوردستان بە فڕۆکە دەچنە سعوودیە
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گەشتی زەمینی حاجیانی هەرێمی کوردستانی بۆ وڵاتی سعوودیە هەڵوەشاندەوە، حەجخوازان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشتەکانیان دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گەشتی زەمینی حاجیانی هەرێمی کوردستانی بۆ سعوودیە گۆڕی بۆ گەشتی ئاسمانی. پێشتر بڕیار وابوو حاجیان بە پاس بچنە شاری عەرعەر و دواتر بە فڕۆکە بەرەو جەددە بڕۆن، بەڵام ئەم بڕیارە گۆڕانکاری بەسەردا هات.
کوردستان24 زانیویەتی، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەوڵێکی زۆری داوە تا ماندووبوونی رێگای زەمینی لەسەر حاجیان لابدات. ئێستا حەجخوازان لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە راستەوخۆ بەرەو سعوودیە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی حەج بەڕێدەکەون و رۆیشتن بە پاس رەتکرایەوە.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی گفتوگۆکانیان تەواو کردووە. تەنیا بڕیاری فەرمی ماوە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ یان سبەی بە فەرمی رابگەیەنرێت. بەم بڕیارە حاجیان لە زەحمەتی و ماندووبوونی رێگای زەمینی رزگاریان دەبێت.
یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان، لە حەوت یان هەشتی مانگی پێنج لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بە فڕۆکە بەرەو سعوودیە دەفڕن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی ئەوقافەوە هەوڵ دەدات باشترین خزمەتگوزاری بۆ حەجخوازان دابین بکات.