ئاسایشی هەولێر: لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کەسێک برایەکی خۆی کوشت و دەستگیرکرا
ئاسایشی هەولێر هاووڵاتییەکی دەستگیرکرد کە تۆمەتباربووە بە کوشتنی براکەی لە گوندی دووشیوانی شارۆچکەی قوشتەپە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە، تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە، کە رۆژی سێشەممە هەڵساوە بە کوشتنی برایەکی خۆی لە گوندی دووشیوانی سەر شارۆچکەی قوشتەپەی شاری هەولێر.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە، هاووڵاتیەک بەناوی مالک ئەنوەر ئەحمەد پیشەی شوانی مەڕوو ماڵاتە و لە شوێنێکی چۆڵەوانی کوژراوە. دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانیان دەست بەجێ لە لایەن تیمی تاوانەکانی ئاسایشی هەولێر دەست بە بەدواداچون کراو ناسنامەی تۆمەتباری بکوژ ئاشکرا کرا کە دەکاتە برایەکی کوژراوەکە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە داوە، دوای رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر تۆمەتباری بکوژ دەستگیر کرا بەناوی ( د ، أ ، أ )هەروەها لە لێکۆڵینەوەکان تۆمەتبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەڵساوە بە کوشتنی براکەی خۆی .