جەی دی ڤانس هۆشداری دەداتە دیموکراتەکانی ئەمریکا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری تووند دەداتە دیموکراتەکانی وڵاتەکەی و داوایان لێدەکات کۆتایی بە گوتاری هاندەرانە بهێنن، ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم جۆرە زمانە ژینگەیەکی مەترسیدار بۆ توندوتیژی سیاسی دەڕەخسێنێت.
پێنجشەممە 30ـی نیسانی 2026، ئەم لێدوانانەی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، رۆژی شەممەی رابردوو 26ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو، رووداوەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی (WHCD) لە هۆتێل "واشنتن هیڵتۆن" روویدا، کاتێک چەکدارێک بە ناوی (کۆڵ ئەلین) کە مامۆستایەکی خەڵکی کالیفۆرنیایە، هەوڵیدا بە چەکەوە بچێتە ناو هۆڵەکەوە، بەهۆی تهقهکردن لە دەرەوەی هۆتێلەکە، ترەمپ و جەی دی ڤانس و چەند بەرپرسێکی دیکە بە سەلامەتی لە شوێنەکە گوازرانەوە و هێزە ئەمنییەکان هێرشبەرەکەیان دەستگیرکرد.
ڤانس لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاند: "جیاوازی سیاسی بەشێکی سروشتییە لە سیستەمی دیموکراسی، بەڵام تێپەڕاندنی هێڵی سوور و پاساوهێنانەوە بۆ توندوتیژی دژی نەیارە سیاسییەکان قبوڵکراو نییە."
جێگری سەرۆکی ئەمریکا رووی دەمی کردە لایەنگرانی دیموکراتەکان و گوتی: "پێویستە تەماشای ئاوێنە بکەن و بڵێن: جیاوازی سیاسی ئاساییە، بەڵام هاندانی توندوتیژی دژی نەیارەکانت دەتکاتە بەشێک لە کێشەکە."
ڤانس وەک نموونەیەک ئاماژەی بە تیرۆرکردنی چالاکوانی پارێزگار تشارلی کێرک کرد لە ساڵی رابردوودا و رەخنەی لە کاردانەوەی دیموکراتەکان گرت کە نەک هەر تاوانەکەیان ئیدانە نەکرد، بەڵکو بەهۆی بیروڕا سیاسییەکانییەوە هەوڵی پاساوهێنانەوەیان بۆ کوشتنی دابوو.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ڤانس داوای کرد گوتاری سیاسی هێور بکرێتەوە و گوتی: "ئەگەر ئێوە لە بەرەی دیموکراتەکان، دەبێت لە خۆتان بپرسن بۆچی زۆربەی ئەو کەسانەی تەقە لە نەیارە سیاسییەکان دەکەن، هاوڕای ئێوەن و گوێ لە هەمان سەرچاوەی میدیایی ئێوە دەگرن؟ پێویستە دیموکراتەکان گوتاری خۆیان کەمێک هێور بکەنەوە."